هانا: بەپێی راپۆرتێک کە لەلایەن “ئاسۆ نیوزە”وە بڵاوبۆتەوە، رۆژی شەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٥ی ژوئەنی ٢٠٢١)، کۆڵبەرێکی بەساڵاچوو خەڵکی نەوسوود بە ناوی “وەهبی فەتاحی” لە کاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییەکانی سەر سنوور نزیک ئاوایی “شوێشمێ” لە ناوچەی نەوسوود سەر بە پاوە بە هۆی وەستانی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.
شایانی باسە رۆژی سێشەممە ١٤ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ – (٥ی نوامبری ٢٠١٩)، کوڕێکی "وەهبی فەتاحی" بە ناوی "ئەشکان فەتاحی" لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری "شوێشمێ" بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەستداوە.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا.
خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ مافە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگا و وڵاتدا دیاری دەکا و لە ئەگەری نەمانی توانای بەڕێچوونی ژیان یا بێکاری ئەرک دەخاتە سەر شانی حکومەت تا بژیوی ژیان و بەڕێچوونی شارۆمەندان بە شێوەی ستاندارد و باش دابین بکات. لە خوارەوە دەقی نووسراوەکە دێنین و شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە.
بەندی ٢٥ خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خوراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ.