بەپێی هەواڵێک کە لەلایەن هاوکارانی هاناوە بۆمان هاتووە، شارۆمەندێکی کورد ٩ رۆژ لەوەپێش لە کرماشان دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە (حەسەن حاتەمی) راگەیەندراوە و رۆژی ٨ی گوڵانی ١٤٠٠ بەرامبەر بە ٢٨ی ئاوریلی ٢٠٢١ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی قۆڵبەست کراوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، لە راپۆرتێکدا بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا رایگەیاند: "حەسەن حاتەمی" لە ماڵەکەی خۆیدا بە تۆمەتی سیاسی گیراوە و دەستیان بە سەر لەپ تاب و موبایلەکەیدا گرتووە. هەروەها ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا رایگەیاند "حەسەن حاتەمی" لە پێوەندییەکی تەلەفونیدا بە بنەماڵەکەی راگەیاندووە کە لە مەیدانی نەفت لە ژێرزەمینێکدایە.
جێگای ئاماژەیە بەندەکانی ٣، ٩، ١٩ و ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە پێوەند لەگەڵ مافی شارۆمەندان و دەسبەسەرکراون بەم جۆرە دەڵی:
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.
هەروەها بە پێی ئەم جاڕنامەیە هەر تۆمەت لێدراو یا تاوان لێدراوێک مافی هەبوونی پارێزەر و مافی دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی بێ لایەن و دادپەروەری هەیە.
لەم کەیسەدا بە ئاشکرا دەردەکەوی حکومەتی ئیسلامی ئێران و دامودەزگا ئەمنییەتی و قەزاییەکانی هەموو ئەم بەندانەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی پێشێل کردووە. ئەوە لە حاڵێکدایە وڵاتی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەم جاڕنامەیەی واژۆ کردووە.