هانا: رۆژی شەممە ١١ی گوڵانی ١٤٠٠ بەرامبەر بە ١ی مەی رۆژی جیهانی کرێکار، دادستانی سەقز (بە پشت بەستن بە قسەی پۆلیس) بڕیاریداوە “عوسمان ئیسماعیلی” بانگ بکرێتە پۆلیسی ئەمنییەتی ئەو شارە.
بە گوێری ئەم راپۆرتە "عوسمان ئیسماعیلی"، بە مەبەستی لێپرسێنەوە و وەرگرتنی بەڵێننامە بۆ بەشداری نەکردن و بەڕێوەنەبردنی رێوڕەسمی رۆژی جیهانی کرێکار و نەچوونی بۆ رێپێوان بە ئاڵای سوورەوە لە ناو شار، بانگ کراوەتە پۆلیسی ئەمنییەتی سەقز.
"عوسمان ئیسماعیلی" لە سەر داوای دادستان کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٢ی گوڵانی ١٤٠٠ – ٢ی مەی ٢٠٢١، سەردانی پۆلیسی ئەمنییەتی سەقزی کردووە و لەوێ لەلایەن پۆلیسەوە بە تۆمەتی بەشداری لە رێوڕەسمی یەکی مەی و گرتنی وێنە بە پلاکاردی سوورەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە لێپرسینەوەکە کاتژمێرێک و نیوی خایاندووە و "عوسمان ئیسماعیلی" بە فەرمی پێیان رادەگەیەنێ لە ژێر هیچ زەختێکدا بەڵێنی لەم جۆرە نادا و دەڵێ، بەڕێوەبردنی مەراسمی رۆژی کرێکار و هەڵگرتن پلاکارد و ئاڵای سوور مافی هەر کرێکارێکە و حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش دەبێ دان بەم مافەی کرێکارندا بنێ و دەست لە بانگکردن و لێپرسینەوەی کرێکاران هەڵگرێ.
جێی ئاماژیە دوای لێپرسینەوەکە ئەم چالاکە کرێکارییە جارێ ئازاد کراوە.
شایانی باسە، خاڵی یەکەم لە ماددەی ٢٠ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە سەبارەت بە مافی تاک بۆ پێکهێنانی ئەنجومەن و کۆڕ و کۆبوونەوە بەم جۆرە دەڵێ:
ماددەی ٢٠ خاڵی یەکەم: "هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لە پێکهێنانی ئەنجومەن و کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانەدا ئازاد بێ".
پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و بایەخ نەدان بە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئێران و دامودەزگای ئەمنییەتی و قەزایی ئەم حکومەتەوە بووەتە کردەوەی رۆژانەی حکومەت و بەڕێوەبەرانی یاسا.
