هانا: رۆژی چوارشەممە ٨ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٨ی ئاوریلی ٢٠٢١)، کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی تەقەی راستەخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سنووری “تەتە” پێکراو و بە تووندی بریندار بوو.
ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە "رەحمەتوڵڵا قادرنژاد" خەڵکی مەریوان راگەیەندراوە.
ناوبراو بۆ چارەسەری برینەکانی رەوانەی ناوەندە تەندروستییەکانی سنە کراوە.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بە ئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد، بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا.
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.