ورمێ: دەسبەسەر کردنی دوو تازەلاوی کورد 

هانا: رۆژی چوارشەممە ٨ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٨ی ئاوریلی ٢٠٢١)، دوو شارۆمەندی کوردی خەڵکی ورمێ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران. 

ناسنامەی ئەم دوو شارۆمەندە کوردە "ئاڕمین ئەحمەدی" تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی گەڕەکی "ئیسلاماوا" و "نیما حسێن‌پوور" تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی ئاوایی "گونبەد" لە ناوچەی "تەرگەوەڕ"ی ورمێ راگەیەندراوە. 
بە پێی راپۆرتێک کە بۆ مافی مرۆڤی هانا هاتووە، ئەم دوو شارۆمەندە کوردە بە گومانی ئەوەی گۆیا ئاڵای کوردستانیان لە ناوچەی "تەرگەوەڕ"ی ورمێ هەڵداوە و بەرز کردووەتەوە، قۆڵبەست کراون. 
ئەم دوو تازەلاوە دوای  قۆڵبەست کردنیان رەوانەی شوێنێکی نادیار کراون و تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە هیچ هەواڵێک لە سەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە. 

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە دوو خاڵی ٦ و ٧ی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان  لەم بارەیەوە بکرێ:  
٦- مافی دەربڕینی ئازادانەی بیروباوەڕ.  
٧- مافی ئازادی بیروبۆچوون، بەشداری لە ئەنجومەنەکان، مافی پەروەردە. 
گرتن و دەسبەسەر کردنی مێرمنداڵان و تازەلاوانی تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بە تۆمەت و تاوانی سیاسی و جیاوازی بیروبۆچوون، هەروەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کردووە، پێشێل کردنی خاڵەکانی ٦ و ٧ی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان و هەروەها پێشێل کردنی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤە کە وڵاتی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی واژۆی کردووە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular