هانا: رۆژی دووشەممە ٦ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٦ی ئاوریلی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران پێکرا و بە توندی بریندار بوو.
ناسنامەی ئەم هاووڵاتییە کوردە "سۆحبەت سەمەدی نەسەب" خەڵکی داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان راگەیەندراوە.
بە پێی ئەو راپۆرتانەی هاتوون، هێزە چەکدارەکان بە بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک دەسڕێژیان لە ناوبراو کردووە و لە ئاکامدا بریندار بووە.
ئەم شارۆمەندە کوردە دوای رووداوەکە بە مەبەستی چارەسەر کردنی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی "تاڵەقانی" لە کرماشان کراوە و بە پێی ئەم راپۆرتە بارودۆخی تەندروستی ناوبراو ناجێگر راگەیەندراوە.
تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندان بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان ئەنجام دابێ و لەوەش خراپتر بەبی دەنگدان و ئاگادار کردنەوە، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاسا و حکومەتەوە.
