هانا: بە گوێرەی راپۆرتی هاوکارانی هانا، شەوی رابردوو و ئەمرۆ چوارشەممە ٨ی گوڵانی ١٤٠٠ بەرامبەر بە (٢٨ی ئاوریلی ٢٠٢١)، دوو شارۆمەندی کورد لە دیواندەرە کۆتایییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
بە پێی ئەم راپۆرتە، شەوی رابردوو رێکەوتی ٧ لەسەر ٨ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٧-٢٨ی ئاوریلی ٢٠٢١)، تازە بووکێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی "شۆهرە سەرمەستی" کە چەند مانگ لەوە پێش ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو لە گەڕەکی فازی یەکی دیواندەرە بەداخەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
هەرەوەها بە پێی راپۆرتی هاوکارانی هانا، رۆژی چوارشەممە ٨ی گوڵان، شارۆمەندێکی دیکەی کورد خەڵکی دیواندەرە بە ناوی "سدیق کەریمی" موعەلیم و مامۆستای خانەنشین بە شێوەیەکی دڵتەزێن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە هۆکاری خۆکوژی ئەم دوو شارۆمەندە کوردە روون نییە.
جێگای ئاماژەیە کێشەی ئابووری و هەژاری، نەخۆشی دەروونی، گوشاری فەرهەنگی، گیروگرفتی سیاسی و گوشارە کۆمەڵایەتییەکان لە هۆکارە باوەکانی خۆکوژین لە کۆمەڵگای ئێران و رادەی خۆکوژی لە کوردستان لە بەشەکانی دیکەی ئێران زیاترە. جگە لەمانە سیستەم و یاسای پیاومەزنی و بێ مافی ژنان هۆکارەکانی تری خۆکوژی ژنانن.
