زەوت کردنی مافی چوونەدەرەوی وڵات لە دایک و باوکی “رامین حسێن پەناهی” 

هانا: رۆژی دووشەممە ٦ی گوڵانی ١٤٠٠- (٢٦ی ئاوریلی ٢٠٢١)، شەریفە زەڕینی (دایە شەریفە) و محەممەد حسێن پەناهی (خالۆ میرزا) دایک و باوکی “رامین حسێن پەناهی” زیندانی سیاسی لە سێدارەدراوی کورد، بە فەرمانی ئیدارەی ئیتلاعات مافی چوونەدەرەوەی وڵاتیان لێ زەوت کرا. 

بە پێی راپۆرتێک کە بۆ هانا هاتووە، ئیدارەی ئیتلاعات ساڵی رابردوو دەستی بەسەر پاسپۆرتی دایک و باوکی "رامین حسێن پەناهی"دا گرتبوو و تا ئێستا پێی نەداونەوە. هەروەها لە بڕێارێکی تازەدا بۆ ماوەی پێنج ساڵیش مافی چوونەدەر لە ئێرانیان لێ زەوت کردوون. 
لە پێوەندییەکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانادا لەگەڵ رەفیق حسێن پەناهی برای "رامین حسێن پەناهی" وتی: دایک و باوکم  بە مەبەستی وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکەیان سەردانی ئیدارەی پێوەندیداریان کردووە و لەوێ پێیان راگەیاندوون بە فەرمانی ئیتلاعاتی سنە نە تەنیا پاسپۆرتەکەیان نادرێتەوە بەڵکوو بڕیاریان داوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ مافی چوونەدەر لە خاکی ئێرانیان نییە و لێیان قەدەغە کراوە. 
رامین حسێن پەناهی، پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و چالاکی سیاسی کورد بوو کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە کۆمەڵەدا دەستبەسەر و لە رێکەوتی ١٧ی خرمانانی  ١٣٩٧ – (٨ی سیپتەمبری ٢٠١٨) لە سێدارە درا. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular