هانا: رۆژی یەکشەممە ٥ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٥ی ئاوریلی ٢٠٢١)، لە سنووری مەریوان ٥ کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سەر سنووری حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوون.
ناسنامەی ئەم ٥ شارۆمەندە کوردە کە خەڵکی ئاوایی "میراوا"ی ناوچەی مەریوانن بەم جۆرەی خوارەوەیە:
1- زانیار حاتەمپەنا
2- کاروان مەنوچێهری
3- سەلاح وەتەندووست
4- ئارام وەتەندووست
5- سۆران وەتەندووست
بە پێی ئەو راپۆرتانەی بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە هەنگی سەر سنووری مەریوان لە سنووری "قۆڵقوڵە" دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە و ئەم ٥ شارۆمەندە کوردە بە توندی بریندار بوون.
بە پێی زانیارییەکان ئەم ٥ کۆڵبەرە بریندارە بۆ چارەسەری برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی "بووعەلی" مەریوان کراون.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بەئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا.
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.