سنە: دەستبەسەر کردنی دوو ئەندامی بنەماڵەیەک 

هانا: رۆژی شەممە ٤ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٤ی ئاوریلی ٢٠٢١)، دوو ئەندامی بنەماڵەیەک لە سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون. 

ناسنامەی ئەم دوو شارۆمەندە کوردە بریتین لە "مەرزییە غوڵام‌وەیسی" و " سیروان عەبدوڵڵاهی" خەڵکی سنە. هەروەها جێگای ئاماژەیە ئەم شارۆمەندانە دایک و کوڕن. 
بە پێی ئەو راپۆرتانەی هاتوون، ئەم دوو شارۆمەندە کوردە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لە سنە بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی قۆڵبەست و بۆ شوێنێکی نادیار رەوانە کراون. 
تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە سەر تۆمەت و هۆکاری گرتنی ئەم دایک و کوڕە و چارەنووس و شوێنی دەسبەسەرکردنیان لەبەردەستدا نییە و هەروەها روون نییە ئەو مەئموورانە سەر بە کام ناوەندی ئەمنییەتی بوون. 
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لە لایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.  

RELATED ARTICLES

Most Popular