هانا: لە درێژەی بەردەوامی خۆکوژییەکانی کوردستان، ژنێک لە ئاوایی تەنگیسەری کامیاران کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
رۆژی پێنجشەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – (٢٥ی مارسی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی "گەلاوێژ غوڵامی" خەڵکی گوندی تەنگیسەر لە ناوچەی کامیاران ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و گیانی لەدەستداوە.
بە پێی زانیارییەکان، ئەو ژنە بە هۆی گرفتی دەروونی دەستی داوەتە خۆکوژی و لە ئاکامدا گیانی لەدەستداوە.
شایانی باسە گیروگرفتی ئابووری، نەخۆشی دەرونی، کێشەی سیاسی و گوشارە کۆمەڵایەتییەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لە ئێران و کوردستانە و رادەی خۆکوژی لە شارەکانی کوردستان لە باقی بەشەکانی ئێران پترە.
ئەم بارودۆخە ئاکامی ناکارامەیی بەرپرسان و کەمتەرخەمی و نەچوونە ژیرباری بەرپرسیارەتی لە بەرامبەر کۆمەڵگا و نەبوونی پلان و پڕۆژەیەک بۆ بەرەرووبوونەوەی قەیران و کێشەکان و دۆزینەیوەی چارەسەرێکی زانستییانەیە، کە ئەمەش پێشێل کردنی مادەکانی ٢٢ و ٢٥ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤە.