ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لێدان و هەڵسوکەوتی سووکایەتی پێکەرانەی کارگێڕانی پۆلیس لە بەرانبەر دوو مێرمنداڵ لە شاری سنە، بەتوندی مەحکووم دەکات. ئەو وێنەگەلەی کە بڵاو بوونەتەوە بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە کەسانێ نیشان دەدات کە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی مەئموورەکاندا بوون. هەڵسوکەوتێکی وەها نەک ڕێوشوێنێکی ئینتزامی، بەڵکوو بەکارهێنانی نایاسایی دەسەڵاتی گشتی و دستدرێژی بۆ سەر کەرامەت و تەواوێتیی جەستە و مافە بنەڕەتییەکانی منداڵە.
تەنانەت بە گریمانەی بوونی گومان لە تاوانبار بووندا، مێرمنداڵ هێشتا خاوەن مافی بە بنەڕەت گرتنی بێتاوانی، مافی دادپرسیی دادپەروەرانە و پشتگیریی تایبەتی یاساییی هەیە. پۆلیس کارگێڕی دادگوستەرییە و دەسەڵاتی سزادان، سووکایەتی پێکردن و جێبەجێ کردنی سزای نییە. یاسای پێڕەوی دادپرسیی تاوانی ئێران بۆ کەسانی ژێر هەژدە ساڵ، ڕێوشوێنی تایبەتی دیاری کردووە و سنوورەکانی دەستێوەردانی کارگێڕانی پۆلیسی لە هەمبەر ئەواندا بەرتەسک کردووەتەوە. مەئمووری پۆلیس ناتوانێ پێش لە پێڕاگەیشتنی ڕەوتی دادپرسی، خۆی ڕۆڵی لێپرسینەوە، دادەوەر و جێبەجێکاری سزا وە ئەستۆ بگرێ.
پێویستیی پاراستنی کەرامەتی تۆمەتبار و پاراستنی مافەکانی شارۆمەندی لە بڕگەکانی ٤ و ٥ ی یاسای پێڕەوی دادپرسیی تاواندا بە ڕاشکاوی باس کراون. یاسای پشتگیری لە منداڵان و مێرمنداڵان-یش لێدان و توندوتیژی، هەڕەشە و هەر جۆرە هەڵسوکەوتێک کە زیان بە تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی منداڵ بگەیەنێت بە هەڵسوکەوتی نەشیاو دێنێتە ئەژمار. بۆیە هەڵسوکەوتی مەئموورانی پۆلیس لەم کەیسەدا ناتوانێت تەنیا بە لادانێکی ناوخۆیی یان کەتنێکی دیسپلین دابشکێنرێت و لە ئەگەری دیاری کرانی توخمە یاساییەکانی تردا، بەپرسایەتیی تاوانی ڕاستەوخۆی بکەران و کەسانی تری هاودەست لەم کارەدا بەدوادا دێت.
ئەم هەڵسوکەوتە هەروەها لەگەڵ پێبەندییە نێونەتەوەییەکانی ئێران دژایەتیی ئاشکرای هەیە. بڕگەی ٣٧ ی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ هەر شێوە هەڵسوکەوتێکی ستەمکارانە، نامرۆڤانە یان سووکایەتی پێکەرانە دژ بە منداڵ قەدەغە دەکات. هەر بڕگەی ٤٠ ی ئەو کۆنوانسیۆنە دەوڵەت ڕادەسپێرێ کە لەگەڵ منداڵی گومان لێکراو یان تۆمەتبار بە کردەوەی تاوان بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکات کە کەرامەت و ڕێزی مرۆڤی، تەمەن و دۆخی تایبەتی ئەو لەبەر چاو بگرێت. بڕگەکانی ٧ و ١٠ ی پەیمانی نێونەتەوەییی مافە مەدەنی و سیاسییەکان-یش هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە و سووکایەتی کردن بە کەسانی ژێر کۆنترۆڵی کارگێڕانی حکوومەت قەدەغە دەکات.
هانا لەسەر ئەو خاڵە جەخت دەکاتەوە کە لەبەر کردنی جلوبەرگی پۆلیس و خاوەن دەسەڵاتی حکوومەتی بوون، نەک نابێت ببێتە هۆی پارێزراو بوون بەڵکوو بەرپرسیارەتیی دووئەوەندەی پێمل بوون بە یاسای لێ بکەوێتەوە. هەر جۆرە پاساوێک بۆ ئەم توندوتیژییە بە پشت بەستن بە هەڵسوکەوتی شیمانەکراوی ئەم مێرمنداڵانە، پێشینەیان یان پێویستیی ئینتزامی، ئیعتبار و بەڵگەمەندیی یاساییی نییە. بەکار هێنانی زۆر تەنیا لە سنووری پێویستیدا و بە هاوشان بوونی یاسایی وێنا دەکرێت و توندوتیژیی سزادەرانە یا سووکایەتی کردن هیچ پێگەیەکی لە جێبەجێ کردنی یاسادا نییە.
هانا ناسینەوە و هەڵپەساردنی مەئموورانی بەشدار لەم کەیسەدا، دروست کردنی کەیسی سەربەخۆی تاوان، لێکدانەوەی بەرپرسیارەتیی ڕاسپێرەر و فەرماندەرانی پەیوەندیدار، پاراستنی هەموو وێنە و بەڵگە، پشکنینی پزیشکیی سەربەخۆی ئەو مێرمنداڵانە و دەستەبەر کردنی دەست ڕاگەیشتنیان بە پارێزەر و پشتگیریی بنەماڵە داوا دەکات. فەرماندەییی ئینتزامیی کوردستان دەبێ بە شێوەی ئاشکرا ڕایبگەیەنێت کە مەئموورانی بەشدار لەژێر فەرمانی کام یەکەدا بوون، چ ڕێوشوێنێکی قەزایی دیاریکراو لە هەمبەریان گیراوەتە بەر و کەیسەکە لە چ قۆناغێکدایە.
لە هەلومەرجێکدا کە ژمارەیەکی زۆر حاڵەتی توندوتیژیی هێزە ئینتزامی و ئەمنیەتییەکان لە شارەکانی کوردستاندا لەگەڵ نەبوونی وەڵامدانەوەیەکی کاریگەردا هاوکات بووە، هەر جۆرە بێدەنگی، پێڕاگەیشتنی ناڕوون یان داشکاندنی ئەم ڕووداوە بە لادانی ڕێکخراوەیی، یارمەتیدەری ڕەوتی بێ سزا مانەوەی تاوان دەبێت. بەرپرسێتیی تاوانی مەئموورانی حکوومەت نابێت لەپشت پێکهاتەکانی نێوخۆی ڕێکخراوەدا بشاردرێتەوە.
منداڵ تەنانەت ئەگەر گومان لێکراویش بێت، بابەتی سزادانی پۆلیس نییە. پۆلیس مافی ئەوەی نییە کە لەسەر شەقامدا سزا جێبەجێ بکات. لێدان و سووکایەتی کردن بە مێرمنداڵی ژێر کۆنترۆڵی مەئموور، پێشێل کردنی یاسا و دەستدرێژیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر مافە بنەڕەتییەکانی منداڵە و دەبێت بە بەدواداچوونی خێرا و سەربەخۆ و ڕوونی تاوان وەڵام بدرێتەوە.
