بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، میترا (ڕۆژان) مورادوەیسی، پەنابەری کورد، پێنج مانگە لە کەمپی دیپۆرتکردنەوەی ئاگرێ لە تورکیە راگیراوە.
بەپێی زانیارییەکان، میترا مورادوەیسی چالاکی مەدەنی کورد لە تورکیە، مەترسیی دیپۆرتکردنی بۆ ئێران لە سەرە.
میترا مورادوەیسی بەهۆی چالاکییە مەدەنییەکانیەوە، لە ئەگەری گەڕاندنەوەی بۆ ئێران ڕووبەڕووی دۆسیەی ئەمنیەتی دەبێتەوە.
هەروەها مەترسی جدیی دەستبەسەرکردنی دەستبەجێ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان، ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، و سزای دادوەریی، لەوانە زیندانی درێژخایەن و تەنانەت مەترسیی سزای سێدارە، ژیانی ناوبراو دەخاتە مەترسییەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هاوکات نیگەرانی جدیی خۆی سەبارەت بە چارەنووسی میترا (ڕۆژان) مورادوەیسی دەردەبڕێ و هەروەها لە ڕێگەی نامەی جیاوازەوە بۆ ئیدارەی کۆچبەریی تورکیە و بەرپرسانی حکومەتی ئەم وڵاتە داوای وەستاندنی دەستبەجێی هەر جۆرە پرۆسەیەکی دیپۆرتکردنی ناوبراوی کردووە.
