گیان لە دەست دانی کرێکارێک بە هۆی کەوتنە خوار لە بەرزاییەوە لە ورمێ

بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٥، ئیبراهیم کەڵەشی کرێکاری خەڵکی گوندی باڵوێ-ی سەر بە شاری ورمێ، پاش کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەوە لە کاتی کاری بیناسازیدا گیانی خۆی لە دەست داوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو لە کاتی کارکردن لە کاری بیناسازیدا لە بەرزاییەوە کەوتووەتە خوارەوە و بە هۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لە دەست داوە.

ئەم ڕووداوە جارێکی تر دۆخی خراپی شوێنی کار و بەردەوامیی پێشێل کرانی مافەکانی کرێکاران زەق دەکاتەوە. کەمیی کەرستەی ستانداردی پاراستنی گیان، نەبوونی چاودێریی کاریگەر بۆ جێبەجێ کردنی ڕێنوێنییەکانی پاراستنی تەکنیکی و گوێ نەدان بە پێویستییەکانی پاراستن لە شوێنەکانی کاردا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕوودانی ڕووداوی کوشندە بۆ کرێکاران دێنە ئەژمار.

بەردەوامیی ڕووداوی لەو چەشنە لە کاتێکدایە کە دابین کردنی دڵنیایی و پاراستنی گیان و تەندروستیی هێزی کار لە بەرپرسیارێتییە بنەڕەتییەکانی خاوەنکاران و دامەزراوەگەلی بەرپرس دەژمێردرێن. دووپات بوونەوەی ئەم ڕووداوانە لاوازیی جێبەجێ کردنی ڕێنوێنییەکانی پاراستن و لێنەهاتووییی ڕێوشوێنەکانی چاودێری بۆ دەستەبەر کردنی مافی کرێکاران بۆ هەبوونی هەلومەرجی کاری دڵنیا و ستاندارد نیشان دەدات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین