بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بە هانا گەیشتووە، فریاد فەتحی، شارۆمەندی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی ئاوایی گوڵانەی سەر بە شاری دیواندەرە، دوای چەندین ساڵ بەرگەگرتنی نەخۆشی لە ئەنجامی بەندکران و ئەشکەنجەدرانی لە جەریانی شۆڕشی ژینا، گیانی لە دەستداوە.
فریاد فەتحی لە جەریانی بزووتنەوەی ژینا دەستبەسەرکرا و بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە ماوەی دەستبەسەریدا ئەشکەنجە درابوو. ئەو دوای ئازادبوونی زیانی قورسی بە تایبەتی لە بەشی گورچیلە بەرکەوت و بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکەی لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدا بوو.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و چڕبوونەوەی نەخۆشی گورچیلەکانی بارودۆخی تەندرووستی ئەو خراپتر بوو و لە کۆتاییدا گیانی لە دەستدا.
لەگەڵ ئەمەش دیاریکردنی پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان ئەو زیانانەی لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە کە گوایە لە کاتی دەستبەسەرکردنی بەریکەوتووە و هۆکاری گیانلەدەستدانی پێویستی بە لێکۆڵینەوەی بەڵگەنامەکانی پزیشکی و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ هەیە. تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، وردەکاری ڕاپۆرتی پزیشکی پەیوەندیدار بە هۆکاری سەرەکی گیانلەدەستدانی ئەو بە دەست رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نەگەیشتووە.
