ڕێکخراوی چاودێریی دارایی ئاڵمان (BaFin) ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦،بە ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بانکی و دەرکردنی فەرمانی تەسفییەی چالاکییەکانی بانکی سادراتی ئێران لە هامبۆرگ، کۆتایی بە بوونی یەکێک لە کۆنترین دامەزراوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سیستمی بانکی ئاڵمانیا هێنا.
بانکی سادراتی ئێران لە ساڵی ١٩٦٢ەوە لە هامبۆرگ و لە ساڵی ١٩٧٩ەوە لە فرانکفۆرت چالاکیی هەبوو و لە ماوەی چەندین دەیەدا، یەکێک لە ڕێڕەوە بانکییە گرنگەکانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران لەگەڵ ئەوروپادا بوو. ئەم بانکە لە ڕێگەی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی پارە، دابینکردنی دارایی بازرگانیی دەرەکی و گەرەنتی نامە بانکییەکانەوە، ڕۆڵی لە ئاڵوگۆڕە داراییە پەیوەندیدارەکانی ئێراندا دەگێڕا.
گرنگیی ئەم بڕیارە لە سنووری داخرانی دامەزراوەیەکی بانکی تێدەپەڕێت. بانکی سادراتی ئێران مێژوویەکی دوورودرێژی لە تۆڕی دابینکردنی دارایی دەرەکیی کۆماری ئیسلامیدا هەیە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٦دا دەستڕاگەیشتنی ئەم بانکەی بە سیستمی دارایی ئەمریکا بڕی و لە ساڵی ٢٠٠٧یشدا بەهۆی پاڵپشتیی دارایی لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان سزای بەسەردا سەپاند. بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی ئەم وەزارەتە، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٦ نزیکەی ٥٠ ملیۆن دۆلار لە سەرچاوەکانی بانکی ناوەندیی ئێران، لە ڕێگەی تۆڕی نێودەوڵەتیی بانکی سادێراتەوە بۆ بەرژەوەندیی ڕێکخستنەکانی سەر بە حزبوڵای لوبنان گواسترابووەوە.
بەپێی دۆزینەوەکانی دامەزراوەی چاودێریی دارایی ئاڵمان،سەرپێچیی جیدی و چارەسەرنەکراو لە پێکهاتە و بەڕێوەبردنی بانکەکەدا،لە هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٥دا بووە.ئێستا بە جێبەجێکردنی فەرمانی پاکتاوکردن و ئەو سنووردارانەی کە لە سزاکانی یەکێتیی ئەوروپاوە سەرچاوە دەگرن،ئامادەیی یاسایی و بانکیی ئەم دامەزراوەیە لە ئاڵمان کۆتایی پێدێت گۆڕانکارییەک کە نیشانەی سنووردارتربوونی دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامییە بە تۆڕە فەرمییە داراییەکانی ئەوروپا.
