ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیاری بەدەست هێناوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، «فرۆزان ئیسلامی»، مامۆستای زمانی ئینگلیزی، بەرپرسی ئەکادیمیای زمانی «نەوجەوان» و خەڵکی ورمێ، دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، لە دەستبەسەرگەی ئەمنییەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزراوە.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، خانمی ئیسلامی لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەی ئەمنیی «٩ پله»وە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هانا، لقی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ تا ئێستا لەگەڵ ئازادکردنی کاتیی ئەم هاوڵاتییەدا ڕەزامەندی دەرنەبڕیوە و ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بێبەش کراوە.
شایانی باسە، فرۆزان ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥، بەبێ پێشکەشکردنی بڕیاری دادوەری، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرابوو.
