بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، یەعقوب محەمەدی، مامۆستا و بەندکراوی سیاسی پێشووی خەڵکی شاری ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام، دوای ئازادبوونی بە حوکمی ڕای باز و لە ژێر چاودێریی پابەندی ئەلیکترۆنیدا، سەر لە نوێ دەستبەسەرکراوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزراوە.
بەدواداچوونەکانی هانا دەریدەخەن کە یەعقوب محەمەدی لە کاتی سەردانی حەفتانەیدا بۆ خۆناساندن دەستبەسەرکراوە و ڕێگری لە چوونەدەرەوەی دووبارەی لە بەندیخانە کراوە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر بە حوکمی ڕای باز لە بەندیخانە هاتبووە دەرەوە و تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەم حوکمە و بنەمای یاسایی دەستبەسەرکردنەوەی نەخراوەتە ڕوو.
جێگەی ئاماژەیە،یەعقوب محەمەدی پێشتریش لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ١٤٠٤دا،لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە،وردەکاریی زیاتر لەبارەی هۆکاری دووبارە دەستبەسەرکردن و بارودۆخی ئەم بەندکراوە سیاسییە لەبەردەستدا نییە.
