رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی خۆی لە سەر دۆخی یاسایی کۆچبەرانی ئەفغانستانی لە ئێران بەتایبەت ژنان و منداڵان، لە دوای شەڕی ئەم دواییە، چڕبوونەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و زیادبوونی سنووردارکردنە ئیداری و دادوەرییەکان دەردەبڕێت.
زانیارییە بەردەستەکان دەریدەخەن کە نەبوونی میکانیزمێکی کاریگەر بۆ تۆمارکردنی باری ناسنامەیی، لەوانەش هاوسەرگیری، تەڵاق، لەدایکبوون، ڕەچەڵەک و پەیوەندییە خێزانییەکانی دیکە، هەزاران کۆچبەری ئەفغانستانی خستووەتە دۆخێکی ناسەقامگیری یاساییەوە. ئەم بۆشاییە، دەستڕاگەیشتنی ئەوانی بۆ دادگاکان و سوودمەندبوونیان لە مافەکانی وەک سەرپەرشتیکردنی منداڵ (حەزانە)، میرات، نەفەقە، قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، بیمە و پاراستنە یاساییەکانی دیکەی ڕووبەڕووی بەربەستی جیدی کردووەتەوە.
ئەم قەیرانە لە بارودۆخی شەڕدا و هەروەها دوای ئەویش ڕەهەندی نیگەرانکەرتری بەخۆوە بینیوە. زیادبوونی کۆنترۆڵە ئەمنییەکان، پەککەوتنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە دامەزراوە ئیداری و دادوەرییەکان و ترس لە دەستبەسەرکردن یان دەرکردن، بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە کۆچبەران لە بەدواداچوون بۆ مافەکانی خۆیان پاشگەز ببنەوە. دەرئەنجامی ئەم دۆخە زیاتر لە هەموو کەسێک ڕووبەڕووی ئەو ژن و منداڵانە دەبێتەوە کە لەبەردەم مەترسی توندوتیژی خێزانی، هاوسەرگیرییە تۆمارنەکراوەکان، بێبەشبوون لە پاراستنی یاسایی، بێناونیشانی و مەترسی چەوسانەوەدان.
هەرچەندە مادەکانی ۵ و ۷ی یاسای مەدەنی ئێران، لەگەڵ بنەماکانی ۲۰ و ۳۴ی یاسای بنەڕەتیدا، ددانپێدانانی دۆخی یاسایی هاووڵاتیانی بیانی و مافی دەستڕاگەیشتنی هەموان بۆ پاراستنی یاسایی و دادخوازییان پێشبینی کردووە، بەڵام بەڵگە بەردەستەکان دەریدەخەن کە لە کردەوەدا، بۆشاییە کارگێڕییەکان و بەربەستە جێبەجێکارییەکان، ئەم دەستەبەرە یاساییانەی بۆ زۆرێک لە کۆچبەران بێدەور و بێکاریگەر کردووە. ئەم جیاوازییە لە نێوان یاسا و ڕێوشوێنی کرداریدا، بەتایبەت لەو داوایانەی کە پەیوەندییان بە باری شارستانی، خێزان و مافەکانی منداڵانەوە هەیە، کاریگەرییەکی بەربڵاوی لەسەر ئاسایشی یاسایی کۆچبەران بەجێهێشتووە.ئەم دۆخە هەروەها لەگەڵ بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی ئێران لە بواری قەدەغەکردنی جیاکاری، مافی دانپێدانان بە کەسایەتی یاسایی، مافی دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری، پاراستنی خێزان و بنەمای باڵاترین بەرژەوەندییەکانی منداڵ ناگونجێت.
هیچ کەسێک نابێت تەنیا لەبەر ڕەگەزنامە یان دۆخی نیشتەجێبوونی لە تۆمارکردنی ڕووداوە بنەڕەتییەکانی ژیان، پاراستنی دادوەری یان دەستڕاگەیشتنی کاریگەر بە دادپەروەری بێبەش بکرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە، گەرەنتیی تۆمارکردنی باری شارستانیی هاووڵاتیانی ئەفغانستانی، دەستڕاگەیشتنی بێ جیاکاری ئەوان بە مەرجەعە دادوەرییەکان و پاراستنی کاریگەری ژنان و منداڵانی کۆچبەر بکەن، وە لە هەر جۆرە کار یان سیاسەتێک کە ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئەوان بە دادپەروەری دەکات یان دەبێتە هۆی زیان بەرکەوتنیان، خۆبپارێزن.بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، بەتایبەت لە کەشوهەوای ئەمنی دوای شەڕدا، نەک هەر پەرە بە ناسەقامگیری یاسایی لە نێوان کۆچبەرانی ئەفغانستانیدا دەدات، بەڵکو مەترسی پێشێلکردنی بەردەوامی مافە بنەڕەتییەکانی ژنان و منداڵانیش بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
