بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٥، سەردار رەنجبەر. کرێکاری لاو، خەڵکی ئاوایی کلورانی سەر بە شاری سەڵماس، بە هۆی بەربوونەوە لە داربەست لە کاتی کار کردن لە بینایەک لە شاری ورمێ، گیانی لە دەستداوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، ئەم کرێکارە دوای بەربوونەوە لە داربەست بە توندی بریندار بووە و سەرەڕای ڕەوانەکردنی بۆ بنکەکانی تەندرووستی بە هۆی قورسی برینەکانیەوە گیانی لە دەستداوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە دووهەمین کرێکارە کە بە هۆی بەربوونەوە لە داربەست گیانی لە دەستداوە. ڕۆژی ڕابردووش مێهران رەسوڵی کرێکاری لاوی خەڵکی شاری بۆکان. دوای ٤٠ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بە هۆی سەختی برینەکانیەوە لە ئاکامی بەربوونەوە لە داربەست، لە شاری سەردەشت گیانی لە دەستدا.
بەردەوامبوونی ئەم ڕووداوە کوشندانە ئاماژەیە بۆ کەموکوڕییەکان لە پابەندبوون بە مەرجەکانی سەلامەتی و پاراستنی تەکنیکی لە شوێنەکانی کاردا، ڕووداوەکان کە لە زۆر حاڵەتدا دەکرا بە ڕەچاوکردنی ستانداردەکانی سەلامەتی و دابینکردنی ئامێری پاراستنی کەسی و چاودێریکردنی کاریگەرانە بۆ جێبەجێکردنی ڕێساکان ڕێگرییان لێ بکرێت. بەردەوامی ئەم جۆرە ڕووداوانە بەرپرسیارێتی خاوەنکاران و ئەو دامەزراوانەی کە بەرپرسیارن لە سەرپەرشتیکردنی سەلامەتی پیشەیی بۆ پاراستنی ژیان و تەندروستی هێزی کار بەرجەستە دەکات.
