توندوتیژی و ئازاری سێکسی ئۆنلاین دژی ژنان لە شارەکانی کوردستان، خۆکوژیی ژنێک لە جوانڕۆ

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، ڕۆژی هەینی ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، ئازیتا یوسفی ژنێکی لاو و دایکی دوو منداڵ، خەڵکی ئاوایی نەورۆزاوای سەر بە شاری جوانڕۆ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەم ڕووداوە لە بارودۆخێکدا ڕوویداوە کە بڵاوبوونەوەی وێنەی ژنان و کچان لە کاناڵێکی تێلێگرامی نەناسراودا،نیگەرانیی جیدی لەسەر پەرەسەندنی توندوتیژی لە سەر بنەمای ڕەگەزی دیجیتاڵی لە شارەکانی کوردستان،بەتایبەت لە ناوچەی هەورامان دروست کردووە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی هانا، ئەم کاناڵە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ژنان و کچان لە جوانڕۆ،پاوە،ڕوانسەر و سەلاسی باوەجانی،هاوکات لەگەڵ تۆمەتبارکردنی سێکسی و بابەتە سووکایەتیپێکەرەکان،ئەوانی کردووەتە ئامانجی ناوزڕاندن و ئازاردانیان. سەرچاوەکانی هانا ڕاپۆرتیان داوە کە وێنەی ئازیتا یوسفیش لەم کەناڵەدا بڵاوکراوەتەوە و گوشارە دەروونی و خێزانییەکانی ناشی لەم بابەتە،پێدەچێت ڕۆڵی هەبووبێت لە بڕیاری خۆکوژییەکەیدا.هەروەها بانگەشەگەلێک سەبارەت بە پەیوەندیی بەڕێوەبەرانی ئەم کەناڵە لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی خراوەتە ڕوو.

ئەم شێوازە لە دەستدرێژی و ئازاردانی ژنان،لە مافەکانی مرۆڤدا وەک یەکێک لە نموونەکانی (توندوتیژیی ڕەگەزیی ئاسانکراو بە تەکنۆلۆژیا) دەناسرێت، توندوتیژییەک کە بە خراپەکارهێنان لە وێنە و زانیارییە کەسییەکان،تۆمەتبارکردنی سێکسی و گوشارە کۆمەڵایەتی و ناموسییەکان،حەریمی تایبەتی، کەرامەتی مرۆڤی و ئاسایشی دەروونیی ژنان دەکاتە ئامانج.لێکەوتەکانی ئەم جۆرە دەستدرێژیانە دەکرێت لە ئازاری دەروونی و گۆشەگیریی کۆمەڵایەتییەوە تا توندوتیژیی خێزانی و هەڕەشە لەسەر مافی ژیان بگرێتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هۆشداری دەدات لە لێکەوتە کوشندەکانی ئەم دیاردەیە لە شارەکانی کوردستان و جەخت دەکاتەوە کە بەرپرسیارێتی کۆماری ئیسلامی،بەدەر لە ئەگەری سەر بەخۆبوونی ئەم کاناڵە بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان،ڕێگریکردن لەم توندوتیژیانە،پاراستنی کاریگەری ژنانی لەژێر هەڕەشە و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەسەر ئەنجامدەرانی دەگرێتەوە.هەر جۆرە بەشداری یان پشتگیریی دامەزراوە حکومییەکان لەم جۆرە کارانەدا،جیا لە بەرپرسیارێتی ناشی لە کەمتەرخەمی لە پاراستنی قوربانیان،بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی حکومەت لە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ژنانیش دەخاتە ڕوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین