ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سزادانی نازنین سالاری، مەحموود تەراوەتڕووی و مەسعود ئەحمەدیان، سێ پارێزەری دادگا و لە چالاکانی ناسراوی مافەکانی ژنان و منداڵان لە شاری شیراز، بە نیشانەیەکی نیگەرانکەر لە قووڵبوونەوەی قەیرانی مافی بەرگری، سەربەخۆیی پارێزەرایەتی و دادپەروەریی دادگایی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵدەسەنگێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شیراز هەر کام لەم سێ پارێزەرەی بە تۆمەتی «هاودەنگی و هاوپەیمانی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایش و ئەمنیەیی وڵات» بە دوو ساڵ زیندان و بە تۆمەتی « بانگەشەیی دژی دەسەڵات» بە یەک ساڵ زیندان سزاداوە. بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، سزای توندتر، واتە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری، بۆ هەر یەک لەوان جێبەجێ دەکرێت. دادگا هەروەها ئەو سێ پارێزەرەی بە سزای تەواوکەر بە دوو ساڵ قەدەغەی دەرچوون لە وڵات و سەندنەوەی پاسپۆرت سزا داووە و لە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دوژمن» بێتاوانی ناساندوون. هەروەها ئەم سێ کەسە ، لە دۆسیەێکی هاوشێوەی تر لە لقی ١١٢ی دادگای کەیفەری دووی شیراز، لەگەڵ تۆمەتگەلێک وەک «هاندانی خەڵک بۆ فەساد و فەحشا» و «ئامادەبوون لە شوێنە گشتییەکاندا بێ حیجابی شەرعی» ڕووبەڕوون.
گرنگیی ئەم دۆسیە تەنیا لە سزا بۆ سێ پارێزەر نییە بەڵکو ئەوەی دەبێتە هۆیی بایەخدان بەم بابەتە لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاساوە، بەردەوامبوونی ئەو ڕەوتەیە کە تێیدا چالاکیی پیشەیی، مەدەنی و مافمرۆڤییەکانی پارێزەرانی سەربەخۆ بە شێوازێک لە چوارچێوەی تۆمەتە ئەمنییەکاندا پێناسەی نوێیان بۆ دەکرێت. ئەنجامی ئەم ڕەوتە دەبێتە لاوازکردنی دامەزراوەی پارێزەرانی سەربەخۆ و سنووردارکردنی مافی هاوڵاتیان بۆ سوودوەرگرتن لە بەرگرییەکی کاریگەر و ئازادە.
مافی بەرگری یەکێکە لە بنەڕەتیترین مەرجەکانی دادپەروەریی لە مافی نێودەوڵەتیی مرۆڤدا. ماددەی ١٤ی میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش واژۆی کردوە ، مافی دادگاییی دادپەروەرانە و دەستگەیشتنی کاریگەر بە پارێزەر دابین دەکات. لیژنەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێکدانەوەی گشتی ژمارە ٣٢دا جەختی لەوە کردووەتەوە کە مەرجەکانی دادپەروەریی لە بنەما سەرەکییەکانی سەروەریی یاسان و دەوڵەتەکانیش پێویستە هەلی پێویست بۆ سوودوەرگرتنی ڕاستەقینەی تاکەکان لە مافی بەرگری دابین بکەن.
مافی بەرگری تەنیا بە ئامادەبوونی پارێزەر لە ناو دادگادا پێناسەناکرێ، ئەم مافە پێویستی بە بوونی پارێزەرانی سەربەخۆ، ئازاد و پارێزراو لە فشارە سیاسی و ئەمنییەکان هەیە. هەر کاتێک پارێزەر بەهۆی وەرگرتنی دۆسیە هەستیارە، بەرگریکردن، چالاکیی مافمرۆڤی یان دەربڕینی بۆچوونە یاساییەکانی خۆی لە مەترسیی بەدواداچوون و سزا دا بێت، لە ڕاستیدا نەک تەنها مافەکانی ئەو، بەڵکو مافی بەرگریی هەموو ئەو هاوڵاتییانەش دە کەوێتە ژێر مەترسی کە پێویستیان بە خزمەتگوزاریی یاساییی سەر بە خۆ هەیە.
بنەما سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ڕۆڵی پارێزەران، پەسەندکراوی ساڵی ١٩٩٠، هەروەها دەوڵەتەکان بە دابینکردنی ئەو هەل و مەرجانە پابەند دەکات کە پارێزەران بتوانن ئەرکە پیشەییەکانیان بە ئازادی و بێ ترس، هەڕەشە، فشار یان دەستێوەردانی نادروست ئەنجام بدەن. بنەمای ١٦ی ئەم بەڵگەنامەیە جەخت دەکاتەوە کە پارێزەران نابێت بەهۆی جێبەجێکردنی ئەرکە پیشەییەکانیان بەدواداچوونیان بۆ بکرێت یان سزا بدرێن. هەروەها بنەمای ١٨ دەڵێت پارێزەران نابێت بەهۆی بەرگریکردن لە گۆمانلێکراوان یان پاڵپشتی لە بۆچوونە یاساییەکانیان، هاوشێوەی ئەوان بەدواداچوون و سزایان هەبێت.
بە پێی ئەم بنەما یاسایانە سزادانی نازنین ساڵاری، مەحموود تەراوەتڕووی و مەسعود ئەحمەدیان سەبارەت بە ئاستی پابەندبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بڕیار و بەڵینە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە سەربەخۆیی پاراستن پرسیارگەلێکی جدی دروست دەکات . بەکارهێنانی بەردەوامی تۆمەتگەلێکی وەک «هاودەنگی و هاوپەیمانی دژی ئاسایش و ئەمنیەتی وڵات» و « بانگەشەیی دژ بە دەسەڵات» دژی چالاکانی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان، زانکۆ، پاراستەوانانی مافەکانی مرۆڤ و پارێزەرانی دادگا لە ساڵانی ڕابردوودا، نیگەرانییەکی فراوانی دروست کردووە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەمکە ناڕوونە ئەمنییەکان بۆ سنووردارکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتیان.
ئەم نیگەرانییە لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا ڕەهەندی گەورەتری لێکەوتووتەوە. توندبوونی کەشی ئەمنی و بڵاوبوونەوەی گوتاری جەنگی لە ناو دەسەڵاتی سیاسیی کۆماری ئیسلامیدا، مەترسیی سنوورداربوون و نەمانی ئازادییە بنەڕەتییەکان زیاد دەکات.
ئەزموونی سیستەمە سیاسییە جیاوازەکان نیشان دەدات کە لە کاتی قەیرانە ئەمنییەکان و ئاڵۆزییە دەرەکییەکاندا، سەربەخۆیی پارێزەران و دامەزراوە یاسایییەکان زۆرجار یەکەمین قوربانیی سیاسەتە ئەمنییەکان دەبن. بەڵام تەنانەت لە دۆخی نائاساییشدا، دەوڵەتەکان لە پابەندبوون بە ئەرکە بنەڕەتییەکانیان لە بەرامبەر دادپەروەریی دادگا، سەربەخۆیی پارێزەران و مافی بەرگری بێ بەش نین.
لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤەوە، سەربەخۆیی پارێزەر بەشێکی جیا نەکراوەی سەربەخۆیی سیستەمی دادوەرییە. هەرچەندە پارێزەران زیاتر لەژێر هەڕەشە، بەدواداچوون یان سزا دا بن، ئەوەندەش توانای چاودێریی یاسایی بەسەر کارکردنی دامەزراوە حکومییەکان و دابینکردنی مافەکانی تۆمەتباران کەمتر دەبێت. لەو بارودۆخانەدا، مافی بەرگری بە ئارامی مەرجی ڕاستەقینەی یاسایی دەگۆڕدرێت بۆ مافێکی ڕواڵەتی و بێ کاریگەر.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هاوکات لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانیی جدیی سەبارەت بە سزادانی ئەم سێ پارێزەرە، لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوادەکات ئەم سزایانە هەڵبوەشێننەوە، هەموو جۆرە فشار و بەدواداچوونی دادوەریی لە چالاکیی پیشەیی و مافمرۆڤییەکان ڕابگرێت و هەلی پێویست بۆ چالاکیی ئازاد و سەربەخۆی پارێزەرانی دادگا دابین بکات.
هانا هەروەها لە نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، نوێنەری تایبەتی سەربەخۆیی دادوەران و پارێزەران، نێردراوی تایبەتی دۆخی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و هەموو میکانیزمە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخوازێت ئەم دۆسیە وەک نموونەیەکی نیگەرانکەر لە پێشێلکردنی سەربەخۆیی پارێزەران و لاوازکردنی مافی بەرگری لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە وردی بخرێتە ژێر چاودێری و لێکۆڵینەوە.
پاراستنی پارێزەرانی سەربەخۆ تەنها بەرگری لە چینێکی پیشەیی نییە؛ بەڵکو پاراستنی یەکێک لە بنەڕەتیترین مەرجەکانی سەروەریی یاسا، دادپەروەریی دادگا و دەستگەیشتنی هاوڵاتیان بە دادپەروەرییە. لە سیستەمێکدا کە پارێزەر بەهۆی بەرگریکردن لە مافەکانی هاوڵاتیان لە مەترسیی بەدواداچوون و سزا دابێت، یەکەمین قوربانی نەک پارێزەر، بەڵکو دادپەروەریە.
