دەستبەسەرکرانی ئاروین حوسێنی، مێردمنداڵی ١٦ ساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سەراوڵە

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، مێردمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی «ئاروین حوسێنی»، خەڵکی شاری سەراوڵەی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دەستبەسەرکردنی ئەم مێردمنداڵە بە شێوەیەکی زۆرەملێ و بە پەنابردن بۆ هێز ئەنجام دراوە. سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی ئاروین حوسێنی لەبەردەستدا نییە.
بێ‌ئاگا بوون لە چارەنووسی ئەم مێردمنداڵە و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار، نیگەرانیی بەرفراوانی لەسەر باری ئاسایش و تەندروستیی ناوبراو دروست کردووە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و بێسەروشوێنکردنی کورتخایەنی هاووڵاتییان، بەتایبەت کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و کۆنڤانسیۆنەکانی مافی منداڵانە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین