رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا خەریکی لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت و فرەلایەنەی دۆسیەی نیلوفەر مجاور، ژنی تەمەن ٢٨ ساڵانە کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، دوای ئەشکەنجەی توند و ڕەفتاری هەراسانکەر لە ناوچەیەکی پیرانشار، بە هۆی تێکچوونی باری تەندرووستیەوە بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزراوە و دواتر مردنی مێشکی ڕاگەیندراوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە تا ئێستا لە سەرچاوە خۆجێیەکان، کەسە نزیکەکان و ڕاپۆرتە بڵاو کراوەکانەوە بە دەست هانا گەیشتووە، نیلوفەر ماوەیەک لەمەوبەر پیاوێکی ناسیوە کە بە بەڵێنی هاوسەرگیری پەیوەندی لەگەڵ گرتووە. بەپێی هەندێک گێڕانەوە ئەم پەیوەندییە بەبێ ئاگاداری خێزانەکە دروست بووە و لە شوێنێکدا نیلوفەر بەنیازی گەڕانەوە بۆ ناو خێزانەکەی بووە.
گێڕانەوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە جەستەیی بە سەختی بریندار بووە. هەروەها کۆمەڵێک ئیدیعا دەربارەی زەوتکردنی ئازادی، زیندانیکردن، بەستنەوەی دەست و پێ، دەستدرێژی جەستەیی توند و ئەگەری دەستدرێژی سێکسی لەئارادایە. هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم زانیاریانە هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و ڕاپۆرتی فەرمی پزیشکی دادوەری و لێکۆڵینەوەی دادوەری تەواو لە سروشت و سەرچاوەی سەرجەمی برینەکان بە شێوەی گشتی بڵاو نەکراوەتەوە.
هەروەها هەندێک لە سەرچاوه خۆجێیەکان ئیدیعایان کردووه که ئەو پیاوەی که لەم دۆسیەیەدا تێوەگلاوه، پێشینەی توندوتیژی له دژی ژنان هەیە و ئیدیعاگەلێک دەربارەی ئازاری جنسی، توندوتیژی و تەنانەت پەیوەندی ئەو لەگەڵ حاڵەتەکانی پێشووی قەتڵ باس کراوە. هانا ناتوانێت لەم قۆناغەدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ هەموو ئەم ئیدیعایانە پشتڕاست بکاتەوە و خۆی دەپارێزێت لە گەڕاندنەوەی یەکلاکەرەوەی هەر تاوانێکی پێشوو بۆ ئەو کەسەی کە باسی لێوە دەکرێت تاوەکو پێداچوونەوە بە بەڵگەنامەکان و تۆمارەکانی دادگا و شایەدیە سەربەخۆکان تەواو دەبێت.
لەگەڵ ئەمەش، سروشتی ئەو تۆمەتانەی سەبارەت بە پێشینەی ئەم کەسە خراونەتەڕوو، ئەوەندە جدییە کە لێکۆڵینەوەکانیان بۆ پەراوێزی لێکۆڵینەوەکە جێبهێڵرێت. ئەگەر دیاری کرا کە تۆمەتبار پێشتر توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام داوە یان مێژووەکەی بۆ دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا و دادوەری ناسراوە، ئەوا ڕەهەندەکانی ئەم دۆسیەیە لە بەرپرسیارێتی تاوانکاری ڕاستەوخۆی تاوانبارەکە تێدەپەڕێت و هەروەها پێویستی لێکۆڵینەوە لە ئەدای دامەزراوە بەرپرسیارەکان لە ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی بەرز دەکاتەوە.
هانا خەریکی لێکدانەوەی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان، زانیارییەکانی خێزان، پێشینە گومانلێکراوەکان، زانیارییە پزیشکییەکان، و پرۆسەی کارەکانی پۆلیس و دادوەرییە و خۆی لە بڵاوکردنەوەی وردەکارییەکان کە ڕەنگە زیان بە لێکۆڵینەوەکە یان مافەکانی تاکەکان بگەیەنن تا ئەو کاتەی زانیارییەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست دەکرێنەوە، دەپارێزێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە هەموو ئەو کەسانە دەکات کە زانیاری ڕاستەوخۆیان لەسەر چۆنیەتی ئەوەی نیلوفەر ئەو کەسەی ناسیوە کە باسی لێوە دەکرێت، بارودۆخی ڕۆژانی پێش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، ئەگەری پێشینەی توندوتیژی ئەم کەسە لە دژی ژنان، سکاڵا یان حاڵەتەکانی پێشووی، هەروەها هەر زانیارییەکی پەیوەندیدار بەم ڕووداوەیان هەیە، زانیاری و بەڵگەنامەکانیان بە زووترین کات و بە نهێنی پێشکەش بە هانا بکەن.
هانا بە لەبەرچاوگرتنی پرەنسیپی نهێنی سەرچاوەکان و پێویستی پاراستنی قوربانیان و زانیاریدەرەکان، درێژە بە لێکۆڵینەوەکانی دەدات لەم دۆسیەیە و دوای تەواکردنی پشتڕاست کردنەوەکان، ڕاپۆرتێکی ورد و شیکاری یاسایی بڵاودەکاتەوە.
