پەسندکرانی سزای بەندکرانی ڕێبوار مارابی، بەندکراوی سیاسیی کورد، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕادەگەیەنێت کە لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران، ڕۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥، سزای مەحکوومبوونی ڕێبوار مارابی، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی گوندی ماراو (ماراب)ی سەر بە شارستانی کامیاران و دانیشتووی تارانی پەسند کرد و پێی ڕاگەیاند. ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل» سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، کە بەپێی بڕیاری کۆتایی، چوار ساڵی هەڵپەسێردراوە و شەش ساڵ بەندکرانی تەعزیرییەکەی جێبەجێ دەکرێت.

​بەپێی زانیارییەکانی هانا، ڕێبوار مارابی ئێوارەی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە تاران دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لە دەستبەسەرگەدا ڕاگیرا. پاشان بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی و تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کرا. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا کۆتاییهاتنی دادگاییکردنەکەی، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دڵخوازی خۆی، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەبوونی دەرفەتی تەواو بۆ بەرگریکردنی کاریگەر بێبەش کراوە.

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە ڕێڕەوی ڕاگەییشتن بەم دۆسیەیە، به بێ کەمترین گەرەنتییە پێویستەکان بۆ دادگاییکردنێکی تاوانکاریی دادپەروەرانە بووە. بێبەشکردنی تۆمەتبار لە مافە بنەڕەتییەکانی بەرگریکردن لە خۆی، بەتایبەت دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دەستبەسەرکردن و لێکۆڵینەوەدا، متمانە و شەرعییەتی یاسایی تەواوی ڕێڕەوی دادگاییکردنەکە دەخاتە ژێر پرسیارێکی جیدییەوە و لەگەڵ بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەت ماددەی ١٤ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان ناکۆکە.

​هانا ئەوە وەبیر دەهێنێتەوە کە دادگا، وەک مەرجەعێکی سەربەخۆ و بێلایەن، ئەرکی سەرشانیەتی چاوەدێرییەکی کاریگەر بەسەر ڕێکارەکانی لایەنە ئەمنییەکاندا بکات و مافەکانی تۆمەتبار بۆ بەرگریکردن لە خۆی گەرەنتی بکات. پەسندکردنی ئەم سزایە، بەبێ ڕاگەییشتنی کاریگەر بەو پێشێلکارییە بنەڕەتییانەی لە مافی بەرگریکردندا کراون، ئەم نیگەرانییە بەهێزتر دەکات کە دەزگای دادوەری لەم دۆسیەیەدا نەیتوانیوە ڕۆڵی سەربەخۆی خۆی لە کۆنترۆڵکردنی ڕێکارەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان و گەرەنتییکردنی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەدا بگێڕێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین