پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد لە دیوانی باڵای وڵات

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی “ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی” و “محەممەد فەرەجی”، خەڵکی شاری بوکان کە لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی”ن، لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کراوەتەوە و دۆسیەکەیان بۆ جێبەجێکردنی سزا ڕەوانەی لقی جێبەجێکردنی حوکمەکان (ئیجرای ئەحکام) کراوە.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، سزای سێدارەی ئەم دوو بەندکراوە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە دەرچووبوو. دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە لە دیوانی باڵای وڵات، دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕەوانەی دادگای شۆڕشی میاندوواو کرا و ئەم دادگایەش جارێکی دیکە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندنەوە. لە کۆتاییدا، دیوانی باڵای وڵات سزای دەرچووی پشتڕاست کردووەتەوە. بە پشتڕاستکردنەوەی کۆتاییی ئەم سزایانە، نیگەرانییەکان لەسەر مەترسیی جێبەجێکردنی کتوپڕی سزای سێدارەی ئەم دوو بەندکراوە زیادی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان، “ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی” و “محەممەد فەرەجی” ئێستا لە زیندانی ناوەندیی بوکان ڕاگیراون و بنەماڵەکانیان دوای پشتڕاستکردنەوەی سزاکە، نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرانبەر بە بارودۆخ و چارەنووسی ئەم دوو بەندکراوە دەربڕیوە.
لەسەر بنەمای زانیارییە بەردەستەکان، ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠١ و محەممەد فەرەجی لە ٣ی ڕەشەممەی هەمان ساڵدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ نواندنی حوکمی دادوەری دەستبەسەر کراون. ئەم دوو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترانەوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوون. سەرچاوە ئاگادارەکان پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ئەوان لە کاتی دەستبەسەریدا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ڕووبەڕووی گوشاری توندی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە.
ئەم دوو بەندکراوە لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢، دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ زیندانی بوکان گواسترانەوە. هەروەها لە ماوەی پرۆسەی دادگاییکردنی دۆسیەکەدا، بۆ ماوەیەکی زۆر لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو بێبەش کرابوون و تەنیا پارێزەری دیاریکراوی دادگایان (تسخیری) هەبووە.
سەرچاوەکانی هانا هەروەها ڕایانگەیاندووە کە لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ دەستبەسەرکردنیاندا، داواکارییە بەردەوامەکان بۆ ئازادکردنی کاتیی ئەم دوو بەندکراوە بە دانانی بارمتە، لەلایەن ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکانەوە ڕەت کراوەتەوە.
شایانی باسە، سزای سێدارەی ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی و محەممەد فەرەجی لە مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٤ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتەکانی “موحارەبە” و “ئەفساد فی‌ئەرز” دەرچوو و لە درێژەی قۆناغەکانی دادبینیی دادوەریدا، لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین