بەپێی بابەتێکی بڵاوکراوە لە لاپەڕەی ئێکسی «گۆڵڕوخ ئیرایی»، وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە زیندانی ئەویندا بەند کراوە، ڕۆژی شەممە ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی (١١ی ژوئیەی ٢٠٢٦)، دوای بانگهێشتکردنی بۆ لقی ١٥ی دادگای ئینقیلابی تاران، بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئەم دادگایە بە ڕەسمی ناناسێت، لە ئامادەبوون لە دانیشتنی دادگادا خۆی پاراست. وریشە مورادی لە گەلاوێژی ١٤٠٢وە لە دەستبەسەریدا بەسەر دەبات. ناوبراو دوای نزیکەی پێنج مانگ ڕاگرتن لە ژووری تاکەکەسیدا، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقیلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی ئەبولقاسم سەڵواتی، بە تۆمەتی «بەغی» سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو. ئەم حوکمە دوای تانەگرتن، بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە بۆ پێڕاگەییشتنی دووبارە ڕەوانەی هەمان لق کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، وریشە مورادی لە ماوەی دەستبەسەریدا چەندین جار ڕووبەڕووی سنووردارکردن لە پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بووەتەوە. هەروەها دەستڕاگەیشتنی بە دەرمان، خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان لە چەندین حاڵەتدا لەلایەن ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانەوە ڕێگری لێ کراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە پێڕاگەییشتنی دووبارە بەم دۆسیەیە، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تۆمەتەی کە سزای سێدارەی لەسەرە، دەبێت بە ڕەچاوکردنی تەواوی گەرەنتییەکانی دادرەسیی دادپەروەرانە بێت، لەوانەش سەربەخۆیی و بێلایەنیی ناوەندی دادوەری، دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بە پارێزەر، هەبوونی مافی بەرگریی کاریگەر و لێکۆڵینەوەی ورد لە بەڵگەکان.
بە سەرنجدان بە ڕەخنە بەردەوامەکانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لە شێوازی پێڕاگەییشتنی ئەبولقاسم سەڵواتی بە دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکان، نیگەرانیی جیدی بەرانبەر بە ڕەچاوکردنی ئەسڵی بێلایەنی و مافی بەرگریی تۆمەتبار لەم دۆسیەیەدا هەیە. هانا هەروەها داوای گەرەنتی کردنی دەستڕاگەیشتنی خێرا و بێبەربەستی وریشە مورادی بە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان، دەرمان، پەیوەندی بە بنەماڵە و تەواوی مافە بنەڕەتییەکانی لە ماوەی دەستبەسەریدا دەکات.
