دەرکردنی حوکمی سێدارە بۆ سێ کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە تاران

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە دەستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا مەهدی،ئەمیرڕەزا و وەحید،سێ کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە تاران،لەلایەن لقی ٢٣ی دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە تۆمەتی (سیخوڕی) حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.ئەم حوکمانە ڕۆژی دووشەممە ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٥،لە بەندیخانەی تارانی گەورە بەم سێ هاووڵاتییە ڕاگەیەندراون.

بەپێی زانیارییە بەردەستەکان،ئەم سێ هاووڵاتییە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە تاران دەستبەسەر کراون و دوای ماوەیەک بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە گواستراونەتەوە. دۆسیەکەیان دوای دەرچوونی کەیفرخواست بە تۆمەتی (سیخوڕی) ڕەوانەی لقی ٢٣ی دادگای شۆڕشی تاران کراوە و لە کۆتاییدا حوکمی سێدارە بۆ هەر سێ کەسیان دەرچووە.

هەروەها،ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥،ئەم سێ بەندکراوە بە بیانووی گواستنەوەیان بۆ بەندیخانەی قەزڵ حەساری کەرەج بۆ دەفتەری نیگابانی بەندیخانەی تارانی گەورە بانگ کراون و پاشان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە،هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ئێستای ڕاگرتنیان و دۆخی دۆسیەکانیان لەبەردەستدا نییە.

شایانی باسە تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە،هیچ زانیارییەک لەسەر وردەکارییەکانی پرۆسەی پێڕاچوونی دادوەری،چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی دادگا و ئەگەری دەستڕاگەیشتنی ئەم سێ هاووڵاتییە بە پارێزەر و مافە یاساییەکانی تریان لەبەردەستدا نییە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین