نەرگس محەممەدی بۆ بەردەوامیی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی پارس له تاران گواسترایەوە.

هانا: بەپێی ڕاگەیەندراوی مستەفا نیلی، پارێزەری یاسایی، نەرگس محەممەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل، بە دەرچوونی فەرمانی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزاکەی، لە نەخۆشخانەی زنجانەوە بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی پارسی تاران گواستراوەتەوە و لەوێ خەوێندراوە.
ئەم گواستنەوەیە دوای ڕای پزیشکی داد سەبارەت بە پێویستیی بەردەوامیی چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی زیندان و لەژێر چاودێریی پزیشکە متمانەپێکراوەکانی ناوبراودا ئەنجام دراوە.
تەقی ڕەحمانی، چالاکوانی سیاسی و هاوسەری نەرگس محەممەدی، هەواڵی گواستنەوەی ناوبراوی بۆ نەخۆشخانەی پارسی تاران پشتڕاست کردووەتەوە.
نەرگس محەممەدی کە لە زیندانی زنجان بەند کرابوو، پێشتر لە ڕێکەوتی ١١ی بانەمەڕ بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە زنجان گواسترابووەوە. بنەماڵە و دامەزراوەی نەرگس محەممەدی لەو کاتەوە داوای گواستنەوەی دەستبەجێی ناوبراویان بۆ تاران و دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پسپۆڕانە لەلایەن پزیشکە متمانەپێکراوەکانی خۆیان کردبوو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەرانبەر بە باری تەندروستیی نەرگس محەممەدی، جەخت دەکاتەوە کە دەستڕاگەیشتنی بەندکراوان بە چارەسەری گونجاو، خێرا و سەربەخۆ، مافێکی بنەڕەتییە و نابێت وەک ئامرازی گوشار، دواخستن یان بڕیاری ئەمنی بەکار بهێندرێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین