ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هۆشداری دەدات لە مهڕ بەکارهێنانی باڵوێزخانە و کونسوڵخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەورووپا بۆ چاودێری، ناسینەوە و ڕاوەدوونانی فرەسنووری دژبەرانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و پەنابەرانی ئێرانی.
بەپێی شێواز و ڕاپۆرتە بەردەستەکان، بەشێک لە ئەرکە دیپلۆماتی و کونسوڵییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە دەرەوەی ئەرکە یاساییەکانی خۆیان و لە پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکانی ئێراندا، هەڵدەستن بە کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی چالاکانی سیاسی، دەستنیشانکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، دارایی و پەیوەندییە خێزانییەکانیان، هەروەها ئاسانکاری بۆ دۆسیەسازی ئەمنی و دەستبەسەرداگرتن یان زەوتکردنی موڵک و ماڵی دژبەران.
بەپێی ماددەی ٣ی ڕێککەوتننامەی ڤیەننا سەبارەت بە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی ساڵی ١٩٦١، نێردە دیپلۆماتییەکان تەنها ڕێگەیان پێدراوە بە شێوازی ڕەوا زانیاری کۆبکەنەوە. هەروەها ماددەی ٤١ی هەمان ڕێککەوتننامە، نێردە دیپلۆماتییەکان پابەند دەکات کە ڕێز لە یاساکانی دەوڵەتی خانەخوێ بگرن و دەستوەرنەدەنە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتە. کەواتە، بەکارهێنانی پۆششی دیپلۆماتی بۆ چاودێری سیاسی، گواستنەوەی زانیارییە کەسییەکان بۆ ناوەندە ئەمنییەکان، ناسینەوەی دژبەران و ئاسانکاری بۆ ڕێکارە دادوەری یان ئەمنییەکان دژی ئەوان، لە دەرەوەی سنووری ئەرکی ڕەوای دیپلۆماتییە و دەکرێت وەک نموونەی خراپ بەکارهێنانی پارێزبەندی دیپلۆماتی، پێشێلکردنی پرەنسیپی نیازپاکی و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی دەوڵەتە ئەورووپییەکان ئەژمار بکرێت.
ئەم کارانە هەروەها لەگەڵ پابەندییەکانی دەوڵەتە ئەورووپییەکان لە بواری پاراستنی مافی تایبەتمەندی، ئازادی ڕادەربڕین، ئاسایشی کەسی، پاراستنی پەنابەران و پاراستنی زانیارییە کەسییەکاندا دژایەتییان هەیە. چاودێریکردن و بە ئامانجگرتنی چالاکانی ئێرانی لە خاکی ئەورووپادا، بەتایبەت کاتێک دەبێتە هۆی هەڕەشەکردن لە خێزانەکانیان، دۆسیەسازی ئەمنی یان زەوتکردنی موڵک و ماڵ لە ئێراندا، بەشێکە لە شێوازی سەرکوتی فرەسنووری کۆماری ئیسلامی.
هانا جەخت دەکاتەوە کە پارێزبەندی دیپلۆماتی ئیمتیازێکی ڕەها نییە و نابێت ببێتە پۆششێک بۆ سیخوڕی، کۆکردنەوەی زانیاری ئەمنی یان ڕاوەدوونانی سیاسی دژبەران. دەوڵەتە ئەورووپییەکان مافی خۆیانە و لە هەندێک حاڵەتیشدا ئەرکی سەرشانیانە کە لە بەرامبەر خراپ بەکارهێنانی پێگەی دیپلۆماتی هەڵوێست وەربگرن؛ لەوانە لە ڕێگەی بانگهێشتکردنی باڵوێز، ناساندنی کەس وەک “کەسی نەخوازراو”، دەرکردنی نێردە تێوەگلاوەکان، سنووردارکردنی هاتووچۆ، زیادکردنی چاودێری ئەمنی، سنووردارکردنی ئیمتیازات و ئاسانکارییە دیپلۆماتییە ناپێویستەکان و سەپاندنی سزای تاکەکەسی لە چوارچێوەی میکانیزمەکانی مافی مرۆڤی یەکێتی ئەورووپادا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە دەوڵەتە ئەورووپییەکان، دامەزراوەکانی یەکێتی ئەورووپا و ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی وڵاتانی ئەندام دەکات، چالاکیی باڵوێزخانە و کونسوڵخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە وردی و چاودێرییەکی زیاترەوە بپشکنن و هەر جۆرە بەکارهێنانی پۆششی دیپلۆماتی بۆ چاودێری، هەڕەشە، کۆکردنەوەی زانیاری، دۆسیەسازی یان ئاسانکاری بۆ سەرکوتی فرەسنووری دژبەرانی ئێرانی، بە سنووردارکردنی یاسایی، ئەمنی و دیپلۆماتی کاریگەر وەڵام بدەنەوە.
