رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕایدەگەینێت کە لەگەڵ تێپەڕبوونی دوو هەفتە بە سەر کاتی دەستبەسەرکردنی ئیلهام (سوهەیلا) عەلیزادە، شارۆمەندی تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی مەهاباد، هێشتا هیچ زانیارییەک لە سەر شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی تەندروستی و دۆخی یاسایی ئەو لە بەردەستدا نیە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی بە هانا گەیشتووە، بنەماڵەکەی لە کاتی دەستبەسەرکردنەوە تا ئێستا هیچ جۆرە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ ئەو نەبووە و بەدواداچوونی بەردەوامی ئەوان لە دامودەزگا ئەمنییەکانی مەهاباد، ورمێ، میاندواو و تەغەدە هیچ ئەنجامێکی نەبووە. هیچ دامەزراوەیەک تا ئێستا بە فەرمی بەرپرسیارێتی ڕاگرتنی ئەوی لە ئەستۆ نەگرتووە.
ئیلهام عەلیزادە ڕۆژی ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٥، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر و بەگوێرەی زانیارییەکانی هانا، بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی لە ورمێ ڕاگوێزراوە.
هانا بەردەوامی ئەم دۆخە و بێبەشکردنی بنەماڵە لە زانیاری لەسەر چارەنووس و شوێنی دەستبەسەرکراوێک بە توندی مەحکوم دەکات و نیگەرانی جیددی لە ئاست تەندروستی و ئەمنییەتی ئیلهام عەلیزادە دەردەبڕێت.
هانا داواکاری گشتی ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و بەڕێوەبەری گشتیی ئیتلاعاتی ئەم پارێزگایە بە بەرپرسیار دەزانێت لە باروودۆخ و شوێنی مانەوەی ئیلهام عەلیزادە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیان، تەندروستی جەستەیی و دەروونی و ئاسایشی بە درێژایی دەستبەسەرکردنی لە ئەستۆی دەسەڵاتداران و بەرپرسانە. هەر زیانێک کە لە کاتی دەستبەسەربوونیدا بە ئەو بگات، پێویستی بە بەرپرسیارکردنی لایەنە بەرپرسیارەکان دەبێت.
هانا داوای ئاشکراکردنی خێرای شوێن و دۆخی تەندروستی ئیلهام عەلیزادە دەکات، هەروەها پێویستە دەرفەتی پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری بۆ دابین بکرێت.
