نادیاری چارەنوسی و بارودۆخی نازەنین حوسێن پور دوای دەستبەسەرکرانی لە لایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە لە پیرانشار

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە به هانا گەیشتووە، لەگەڵ تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بە سەر کاتی دەستبەسەرکردنی نازەنین حوسێن پور، شارۆمەندی تەمەن ٣٤ ساڵ، خەڵکی ئاوایی “شیناوێ”ی سەر بە پیرانشار، هێشتا هیچ زانیارییەک لە سەر شوێنی ڕاگیران، بارودۆخی جەستەیی و پڕۆسەی یاسایی دۆسیەکەی، لە بەردەستدا نیە.

نازەنین حوسێن پور، خێزاندار و دایکی دوو منداڵی ساوا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. ئەو لە ساتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزە، پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش بووە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بە مەبەستی ئاگاداربوونیان لە شوێنی ڕاگیران و بارودۆخی ئەنجامێکی نەبووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، هاوسەری نازەنین نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە و دایک و باوکی هاوسەرەکەشی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.پێش دەستبەسەر کران بەرپرسایەتی پاراستن و ئاگاداربوون لە ئەوان لە سەر شانی نازەنین حوسێن پور بووە. هەروەها ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە چالاکانی سیاسی دەرەوەی وڵاتن.

تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیاریەک لە سەر بنەمای دادوەری دەستبەسەرکردن، دامەزراوەی بەپرسیار لە دۆسیەکە و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم شارۆمەندە لە بەردەستدا نیە. بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردن بەبێ پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەی یان دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، نیگەرانی لەبارەی بارودۆخ و ڕەچاوکردنی ئەو ماف و گەرەنتییە یاساییانەی کە بۆ کەسانی دەستبەسەرکراو دەگونجێت، دروستکردووە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین