بە پێی ئەو زانیارییانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ٣ی خەرمانانی ١٤٠٥، مەنسور کەربەلایی شارۆمەندی تەمەن ٣٠ ساڵ، کوڕی محەمەد، خەڵکی ئاوایی سەرچناری سەر بە شاری میاندواو، دەستبەسەر و دوای ڕاگوێزانی بۆ بەشی جێبەجێکاری سزاکان، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران، بۆ بەندیخانەی ناوەندی بۆکان ڕاگوێزراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، جێبەجێ کرانی ئەم سزایە پێش دەستبەسەرکردنی مەنسور کەربەلایی بە ئەو ڕانەگەنراوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی جێبەجێ کرانی سزا ئەو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و چووەتە پڕۆسەی جێبەجێ کرانی سزاکەیەوە.
ناوبراو لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٤، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەحەد سیامی بە تۆمەتی هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامێتی لە حزبێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سزای ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو پێشتریش لە ڕۆژی ٩ی پووشپەڕی ١٤٠١، بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوو. ئەو لە ماوەی دەستبەسەریدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کرا و دوای کۆتایی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و ڕاگوێزانی بۆ بەندیخانەی بۆکان، بە دانانی بارمتەی قورس تا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.
