سەر لە بەیانی سێشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥، سزای سێدارەی ئەبولفەزڵ سپاهی بادجانی و ئەمیرحسێن سەفەری حسێن ئابادی، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لە مەیدانی عەلیخانی ئەسفەهان جێبەجێ کرا. تا ئێستا تەرمی ئەم دوو بەندکراوەیە ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.
ئەم دوو ناڕازییە لە دۆسیەی ناسراو بە “مەیدانی عەلیخانی ئەسفەهان” بە تۆمەتی موحاربە و ئەفساد فی الارز، ئەندامێتی لە گروپە دژبەرەکان و تێکدان و ئاگر تێبەردان لە کەل و پەل و داراییە گشتییەکان سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێندرابوو. ئیدیعای دەسەڵاتی دادوەری دەربارەی ڕۆڵی ئەوان لەو ڕووداوانەدا بە شێوەی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، پڕۆسەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکە، بە بێبەش کردنی تۆمەتباران لە دەستڕاگەیشتنی کاریگەر بە پارێزەر، پێشکەش نەکردنی تەواوی سزاکان، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس و گوێ نەگرتن لە بەڵگەنامەکانی بەرگری، ئەنجام دراوە. ئەم نمونانە و پێشینەی کەڵک وەرگرتن لە ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ لە دۆسیە ئەمنییەکاندا، نیگەرانی جیددی لە سەر پێشێلکاری مافی دادگایی کردنی دادپەروەرانە درووست دەکات.
پێشتریش عرفان ئیسفەندیاری و گوڵ محەمەد محەمەدی دوو تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسیەیە، لە ٢٨ی پوشپەڕ لە سێدارە دران. لە نێوان ١٥ تۆمەتباری ئەم دۆسیەدا سزای سێدارەی ١٤ کەسیان لە دادگای باڵا پشتڕاست کراوەتەوە.
