بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە دەستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٥، سزای سێدارەی عەلیرەزا سپاهی و عەلیرەزا ڕەئیسی، دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ و لە تۆمەتبارانی دۆسیەی ناسراو بە (مەیدانی عەلیخانی ئەسفەهان)لە زیندانی دەستگردی ئەم شارە جێبەجێ کرا.
عەلیرەزا سپاهی،لەدایکبووی ١٣٨٠،لەم دۆسیەیەدا بە چوار جار سێدارە و عەلیرەزا ڕەئیسی،لەدایکبووی ١٣٨٣،بە دوو جار سێدارە مەحکووم کرابوون. ئەم دۆسیەیە لە کاتی ڕاگەیشتنەوە بۆ دادگا، لەگەڵ ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی کاریگەری تۆمەتباران بە پارێزەر، بەڕێوەچوونی دانیشتنەکان بە شێوەی نەهێنی،بێبایەخی بە هەندێک لە بەڵگەکانی بەرگری و بانگەشەی وەرگرتنی دانپێدانان لەژێر گوشاردا بووە.
لە دۆسیەی عەلیرەزا سپاهیدا،دیوانی باڵای وڵات پێشتر لەگەڵ داواکاریی پێداچوونەوەی دۆسیەکەدا ڕەزامەندی دەربڕیبوو و دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی سەرلەنوێ بۆ لەقی هاوتەریب ناردبوو. سەرەڕای ئەمەش، بەپێی ڕاگەیاندنی پارێزەرەکانی،لەقی پێوەندیدار بێ پێکهێنانی دانیشتنی دادگاییکردن، داواکاریی پێداچوونەوەکەی ڕەت کردەوە و دۆسیەکەی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکە نارد.
ڕەوتی لەم شێوەیە،بەتایبەت لە دۆسیەیەکدا کە کۆتاییەکەی سزای مەرگ بێت،نیگەرانیی جدی سەبارەت بە ڕەچاوکردنی مافی بەرگری و گەرەنتییە بنەڕەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دروست دەکات.
سپاهی پێشتر بڕیار بوو بەرەبەیانی ٦ی گەلاوێژ لەسێدارە بدرێت،بەڵام پێش جێبەجێکردنی حوکمەکە بەهۆی تێکچوونی توندی باری تەندروستییەوە بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە و دوو ڕۆژ دواتر بۆ بەندیخانەی دەستگرد گەڕێندرایەوە.
شەوی پێش جێبەجێکردنی حوکمەکەش،عەلیرەزا سپاهی و مەهشاد کەشانی کە پێش دەستبەسەرکرانیان دەزگیرانی یەکتر بوون،لە زینداندا هاوسەرگیرییان کرد. مەهشاد کەشانی، لە دەستبەسەرکراوانی دیکەی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار ئێستا لە بەندیخانەی دەوڵەتئابادی ئەسفەهان بەندکراوە و سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە.
لەسێدارەدانی ئەم دوو زیندانییە لە بارودۆخێکدا ئەنجام دراوە کە چەند تۆمەتبارێکی دیکەی دۆسیەی مەیدانی عەلیخانیش لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا لەسێدارە دراون و هێشتا ژمارەیەک لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە لەگەڵ سزای مەرگدا ڕووبەڕوون.
هانا جەخت دەکاتەوە کە جێبەجێکردنی سزای سێدارە لەو دۆسیانەی کە تێیاندا گومان و ناڕوونیی جدی سەبارەت بە سەربەخۆیی دادگاییکردن، دەستڕاگەیەشتنی کاریگەر بە پارێزەر، شێوازی بەدەستهێنانی بەڵگەکان و ڕەچاوکردنی تەواوی گەرەنتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە هەیە، بابەتێکی بنەڕەتییە لە ڕوانگەی مافی ژیان و قەدەغەکردنی زەوتکردنی سەرەڕۆیانەی ئەم مافە.
بەپێی پابەندبوونەکانی ئێران لە چوارچێوەی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا، سزای مەرگ ناتوانێت دەرەنجامی دادگاییکردنێک بێت کە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی تێدا ڕەچاو نەکراوە.
