بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا،عارف نەسیری هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام و لە پەیڕەوانی ئایینی دەروێشیی گۆنابادی، لە دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و کردنەوەی دۆسیەی دادوەری و ئەمنی لە دژی، ناچار بووە لەگەڵ بنەماڵەکەی ئێران بەجێ بهێڵێت.
بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥،زیاتر لە ١٠ کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران،بەبێ نیشاندانی فەرمانی دادوەری و بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی عارف نەسیری،هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی. هێزە ئەمنییەکان دوای ئەوەی زانییان ناوبراو لە ماڵ نییە،هاوسەر و دوو کچەکەیان لە یەکێک لە ژوورەکانی ماڵەکەدا بەند کرد و وێڕای پشکنینی شوێنەکە،کەلوپەلە تایبەتەکانی وەک لاپتوپ،تەبلێت و ئامێری ستارلینکیان دەست بەسەردا گرت.هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی هاوکات بووە لەگەڵ بێڕێزی و مامەڵەی نامرۆڤانە.
دوای ئەم هێرشە،دۆسیەیەکی دادوەری و ئەمنی بە تۆمەتێکی پەیوەندیدار بە کڕین و فرۆشتنی ئامێری ستارلینک لە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری ئیلام لە دژی عارف نەسیری کرایەوە و پێی ڕاگەیەندرابوو کە لە ماوەی پێنج ڕۆژدا و تا سێی خەزەڵوەر،خۆی بە ناوەندی دادوەری بناسێنێت.
ناوبراو لە دوای ئەم هەنگاوانە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری دەستبەسەرکردنی،بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی و بنەماڵەکەی،ناچار بوو بەبێ دەرفەتی ئاگادارکردنەوە و بینینی ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی،لەگەڵ هاوسەر و دوو کچەکەی لە ڕێگەی سنووری وشکانییەوە ئێران بەجێ بهێڵێت و پەنا بباتە بەر یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ.
عارف نەسیری لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا، فریاگوزاریی پێشکەش بە بریندارانی ناڕەزایەتییەکان کردبوو و ژمارەیەک لەوانەی کە لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکاندا بریندار ببوون،لە ماڵەکەی خۆیدا پەنا دابوو.
