دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی واحید بروومەند لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

​بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی شەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی واحید بروومەند، خەڵکی شارستانی پیرانشار، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.
​بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری و هاوکات لەگەڵ پشکنینی ماڵەکەی بووە. پاش دەستبەسەرکردن، هێزەکان ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی، تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.
​بەرێز بروومەند، خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی و باری تەندروستیی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە دەستبەسەرکردنی کەسەکان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان بەبێ ڕەچاوکردنی پێوەرە یاساییەکان و بەردەوامیی بێدەنگەیی لە چارەنووسیان، نموونەی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و پێشێلکردنی ئاشکرای بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە. ئەم ڕێکخراوە داوای ڕوونکردنەوە لە ناوەندە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتنی و دابینکردنی دەرفەتی دەستبەجێ بۆ پەیوەندیگرتنی دەستبەسەرکراوان بە پارێزەر و بنەماڵەکانیان دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین