دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی شاری دێلۆڕان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی، ڕۆژی شەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێلۆڕان بە ناوەکانی “موجتەبا یاوەر”، مامۆستای پێشووی زانکۆ و “مستەفا محەممەدی”، لە فەرمانبەرانی خاوەن ئەزموونی ئیدارەی ڤێتێرنەریی دێلۆڕان، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، هێزە ئەمنییەکان بە سەردانیکردنی ماڵی مستەفا محەممەدی، ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ دادگستریی شاری دێلۆڕان گواستووەتەوە. هەروەها موجتەبا یاوەر کە بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەو هاووڵاتییە سەردانی یەکێک لە لقەکانی دادگستریی کردبوو، بە فەرمانی سەرۆکی لقەکە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی هانا، مستەفا محەممەدی ڕووبەڕووی تۆمەتی «پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتە دوژمنەکان و ئیسرائیل» کراوەتەوە و هۆکاری دەستبەسەرکردنی موجتەبا یاوەریش بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتی ڕەخنەیی لە فەزای مەجازیدا گەڕێندراوەتەوە. بە گوتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا لە کاردانەوە بەوەی کە بە «زەوی‌خۆریی بەرپرسانی شار» ناویان بردووە، بابەتگەلێکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردبووەوە.
لەسەر بنەمای زانیارییە گەیشتووەکان، بۆ ئازادکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە بڕیاری بارمتە دەرچووە. بڕی بارمتەی دیاریکراو بۆ موجتەبا یاوەر یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن تمەن و بۆ مستەفا محەممەدی ٨٠٠ ملیۆن تمەن ڕاگەیەندراوە.
شایانی باسە، مستەفا محەممەدی پێشتریش لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤دا ئەزموونی دەستبەسەرکرانی هەبووە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین