ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە ڕۆژی شەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (٢٠ی ژوئینی ٢٠٢٦)، حوکمی دەرچوو دژی «جەواد عەلیکوردی»، پارێزەری دادگستری و هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەبزەوار، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەشهەدەوە پێی ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم حوکمە، ناوبراو بە ١٨ ساڵ بەندکرانی تەعزیری، بێبەشکردنی هەمیشەیی لە پیشەی پارێزەری و سزای تەواوکاری مەحکووم کراوە.
لەسەر بنەمای زانیارییە گەیشتووەکان، بەڕێز عەلیکوردی لەبەر تۆمەتی «کۆبوونەوە و تەگبیر (تەبانی) دژی ئاسایشی نەتەوەیی» سزای پێنج ساڵ بەندکران و لەبەر تۆمەتی «چالاکیی پڕوپاگەندەیی پێچەوانەی ئاسایشی نەتەوەیی» سزای ١٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. هەروەها دادگا ناوبراوی بە بێبەشکردنی هەمیشەیی لە پیشەی پارێزەری، دوو ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوە لە وڵات و دوو ساڵ دوورخستنەوە (تبەید) بۆ شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان مەحکووم کردووە. دانیشتنی پێڕاگەییشتن بەم دۆسیەیە لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەشهەد بەڕێوە چووبوو.
جەواد عەلیکوردی دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی حەفتەی براکەی، «خەسرەو عەلیکوردی»، پارێزەری دادگستری و یەکێک لە پارێزەرە ناسراوەکانی بنەماڵە دادخوازەکان، و لە پاشهاتی خستنەڕووی داواکاری بۆ ڕوونکردنەوەی لایەنەکان و هۆکاری گیانلەدەستدانی براکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئەمنییەکان کامێراکانی چاودێریی نووسینگەی کارەکەی براکەیان زەوت کردووە و داوای بڵاوکردنەوەی تەواوی وێنەکانی کردبوو.
خەسرەو عەلیکوردی لە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤ لە نووسینگەی کارەکەی خۆیدا گیانی لەدەست دا. سەرەڕای ڕاگەیاندنی فەرمیی «ڕاوەستانی دڵ» وەک هۆکاری مردنەکەی، بنەماڵەکەی بە ئاماژەدان بە ناڕوونییەکانی ناو دۆسیەکە، داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، بێلایەنانە و کاریگەریان لەم دۆسیەیەدا کرد. لە پاشهاتی ئەم ڕووداوەدا، ٨٢ پارێزەری دادگستریش بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش، داوای شەفافیەت و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆیان لەم مردنە کردبوو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دەرکردنی سزای قورسی بەندکران، دوورخستنەوە و بێبەشکردنی هەمیشەیی لە پارێزەری دژی پارێزەران بە پێشێلکردنی بنەماکانی دادرەسیی دادپەروەرانە و دژی پێویستییە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە سەربەخۆییی پیشەی پارێزەری دەزانێت. بەپێی بنەما سەرەکییەکانی ڕۆڵی پارێزەران کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند کراوە، پارێزەران دەبێت بتوانن ئەرکە پیشەیییەکانی خۆیان بەبێ تۆقاندن، گوشار، ئازار یان دەستێوەردان ئەنجام بدەن و نابێت بەهۆی چالاکییە پیشەیییەکانیان یان بەرگریکردن لە مافی بریکارەکانیان (موکل) ڕووبەڕووی ڕاوەدوونان، سزا یان بێبەشکردنی پیشەیی ببنەوە. هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ بەرانبەر بەم حوکمە، جەخت لەسەر گەرەنتی کردنی سەربەخۆییی ناوەندی پارێزەران، پاراستنی ئاسایشی پیشەییی پارێزەران و ڕەچاوکردنی مافی دەستڕاگەیشتن بە دادرەسیی دادپەروەرانە و کاریگەر دەکاتەوە.
