ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (١٣ی ژوئینی ٢٠٢٦)، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە هێرشکردنە سەر ماڵی دوو برا بە ناوەکانی “سەردار ڕەحمانی” و “ئیحسان ڕەحمانی”، وێڕای پشکنینی تەواوی شوێنی نیشتەجێبوونیان، ژمارەیەک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانیان و لەوانەش مۆبایلەکانیان، زەوت کردووە.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، مەئموورە ئەمنییەکان دوای پشکنینی ماڵەکانیان، ئەم دوو برایەیان بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران بانگهێشت کردووە. سەرەڕای سەردانی ناوبراوان بۆ ئەم ناوەندە ئەمنییە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسیان بۆ بنەماڵەکانیان ئاشکرا نەکراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەردار ڕەحمانی و ئیحسان ڕەحمانی پێشتریش لە ساڵی ١٤٠٤دا بەهۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و بەکارهێنانی هێما کوردییەکان، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران بانگهێشت کرابوون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرابوو.
شایانی باسە، سەردار و ئیحسان ڕەحمانی، ئامۆزای کەژاڵ و دانیال ڕەحمانی، لە بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستانن. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتر لە ڕاپۆرتگەلێکی جیادا دەستبەسەرکرانی کەژاڵ ڕەحمانی، دانیال ڕەحمانی و عیسا فەیزی (هاوسەری کەژاڵ ڕەحمانی) و هەروەها مانگرتن لە خواردنی کەژاڵ ڕەحمانی لە کاتی دەستبەسەریدا ڕاگەیاندبوو. ئەم سێ هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون و لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەکانی کامیاران و سنەدا ڕاگیراون.
