رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە، یونس نەبیزادە، تەمەن ٣٧ ساڵ، خەڵکی ئاوایی “دلۆ”ی سەر بە شاری ورمێ، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفی زادە، بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران” سزای ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری بە سەردا سەپێندراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، پڕۆسەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ئەم شارۆمەندە بە ڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەک لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە ئەنجام دراوە و سەرجەمی کاتی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی نزیکەی سێ خولەک بووە.
یونس نەبیزادە لە رێکەوتی ١٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٣، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کرابوو. هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەر کردن، ماڵەکەیان پشکنی و دەستیان بە سەر کۆمەڵێک کەلوپەلی کەسی ئەودا گرت.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە هانایان ڕاگەیاند، ئەم شارۆمەندە دوای دەستبەسەرکران نزیکەی دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕاگیراوە. لەو ماوەدا ئەو لە ژێر گوشاری دەروونی و جەستەییدا بووە و بە هۆی ئەم گوشارانەوە لە ڕووی ناچاریەوە کۆمەڵێک دانپێدانانی واژۆ کردووە.
شایانی باسە، ناوبراو پێشتریش بە هۆکاری پەیوەندی خزمایەتی لەگەڵ ئەندامێکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بە تایبەتی لە جەریانی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگ و لێکۆڵینەوە و هەڕەشەی لێکرابوو.
