درێژەی دەستبەسەربوونی میلاد خورشیدی، مامۆستای خەڵکی سەوڵاوا، دوای یەک مانگ

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، میلاد خورشیدی، مامۆستای قۆناغی سەرەتایی و خەڵکی گوندی «بەهرام‌ئاوا» سەر بە شاری سەوڵاوا، نزیکەی یەک مانگە دەستبەسەرە. ناوبراو پاش دەستبەسەربوون لە مەریوان، بۆ گرتووخانەی ناوەندی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات میلاد خورشیدی یان لە ماڵەکەی خۆی لە مەریوان دەستبەسەر کردووە. هێزە ئەمنییەکان هەروەها ناو ماڵ و کەل پەلی تایبەتیان پشکنیوە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم مامۆستایە لە ماوەی دەستبەسەربووندا بۆ دانپێدانان خراوەتە ژێر فشارەوە. بەڵام وردەکاریی و شێوازی لێپرسینەوە و فشارەکان بۆ هانا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

لەگەڵ تێپەڕینی نزیکەی یەک مانگ لە دەستبەسەری، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی بۆ وەرگرتنی زانیارییەکی ڕوون دەربارەی دۆخ و ڕەوتی دۆسیەکە تا ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە. لە هەمان کاتدا، هیچ زانیارییەکی ورد دەربارەی تۆمەت و هۆکار دەستبەسەری، دەزگای دادوەریی بەرپرسی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە و دۆخی دەستگەیشتنی میلاد خورشیدی بە پارێزەر ، نییە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین