بەردەوامیی ناڕوونیی لە چارەنووسی محەممەد محەممەدزادە پاش دەستگیرکرانی لەلایەن ئیتلاعاتی سوپاوە لە دیواندەرە

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بە تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی محەممەد محەممەدزادە، هاووڵاتیی تەمەن ٣٧ ساڵی خەڵکی دیواندەرە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

محەممەد محەممەدزادە، کوڕی ئیسماعیل، خێزاندار و باوکی دوو کچی دوانەی یەک‌ساڵانە، خەڵکی گوندی «یاپاڵ» سەر بە شاری دیواندەرە و دانیشتووی ئەم شارەیە. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، مەئموورەکان بەبێ خستنەڕووی حوکمی دادگا ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە و پاشان بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتە ئەگەرییانەی خراونەتە پاڵ محەممەد محەممەدزادە و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەلایەن ناوەندە قەزایییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕوون نەکراونەتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین