بڕانەوەی سزای ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری بۆ ووریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کورد

​ووریشە مورادی، چالاکی مافەکانی ژنان و زیندانیی سیاسیی کوردی دەستبەسەر لە بەندی ژنانی زیندانی ئەوین، لەلایەن لقێکی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» سزای ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپا.

​بەپێی ئەو هەواڵانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەم حوکمە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بە فەرمی بە خاتوو مورادی ڕاگەیەندراوە. بنەماکانی ئەم تۆمەتە لەم دۆسیەیەدا، دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی بەیاننامە، نامە و نووسینەکانی ناوبراو لە کاتی زیندانیکردنیدا، هاوکات لەگەڵ دووەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی).

​ووریشە مورادی کە ئێستا لە زیندانی ئەوین دایە، پێشتر لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی قورسی «بەغی» (ڕاپەڕینی چەکدارانە) لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو. ئەم حوکمە دوای تانەدان لەلایەن پارێزەرەکانیەوە، لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە و بۆ پێداچوونەوەی دووبارە ڕەوانەی لقێکی هاوتەریب کرایەوە.

​ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکردنیەوە (خەرمانی ١٤٠٢) تا ئێستا، چەندین جار لە مافە سەرەتاییەکانی وەک دادگاییکردنی دادپەروەرانە، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پەیوەندی لەگەڵ پارێزەرەکانی بێبەش کراوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جارێکی دیکە نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە پرۆسەی ناڕوونی دادوەری، دەرکردنی حوکمە تۆڵەسێنەرانەکان و گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر ئەم زیندانییە سیاسییە دەربڕیوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم تۆمەتە بێ بنەماکانی سەر ناوبراو دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین