بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو منداڵی ساوا لە شاری سنە لەلایەن باوک و زڕدایکیانەوە کەوتوونەتە بەر توندوتیژیی زۆر، لێدانی بەردەوام و ڕەفتاری دڕندانە؛ ڕەفتارێک کە بەپێی زانیارییەکان، نموونەی ئاشکرای منداڵئازاردان، توندوتیژیی خێزانی و ڕەفتاری نامرۆڤانەیە دژی منداڵان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هانای ڕاگەیاندووە کە ئەم دوو منداڵە لە ئەنجامی لێدانی بەردەوام و سیستماتیک، تووشی زیانی جەستەیی و دەروونیی قورس بوون. بە گوتەی ئەم سەرچاوەیە، دوای جیابوونەوەی دایک و باوک و هاوسەرگیریکردنەوەی باوکیان، ژینگەی ژیانی ئەم منداڵانە بووەتە شوێنێکی نائارام و توندوتیژ و لە دوایین حاڵەتدا، ئاستی ئازاردانەکە بە ڕادەیەک بووە کە ژیانیانی خستووەتە مەترسیی جیدییەوە.
بەپێی هەمان ڕاپۆرت، دوای ئاشکرابوونی ڕەهەندەکانی ئەم منداڵئازاردانە و بە دەستێوەردانی ناوەندە پەیوەندیدارەکان، منداڵە زیانپێکەوتووەکان لەو ژینگە پڕ مەترسییە دەرهێنراون و بۆ چاودێریی خێرا، پاڵپشتیی پسپۆڕانە و ڕاگرتنی ئارام، بۆ ڕێکخراوی بێهزیستی (چاودێریی کۆمەڵایەتی) گواستراونەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە توندوتیژی دژی ئەم دوو منداڵە تەنیا کێشەیەکی خێزانی یان ڕەفتارێکی سزادەرانە نییە، بەڵکوو لە ڕوانگەی مافی منداڵانەوە، نموونەی جیدیی منداڵئازاردانی جەستەیی و دەروونی و پێشێلکردنی مافی ژیان، ئاسایش، تەندروستی و کەرامەتی مرۆییی منداڵە. بەپێی ماددەی ١٩ی پەیماننامەی مافەکانی منداڵ، دەوڵەتەکان ئەرکدارن منداڵان لە بەرانبەر هەر چەشنە توندوتیژییەکی جەستەیی یان دەروونی، ئازار، کەمتەرخەمی، خراپ مامەڵەکردن و قۆستنەوە بپارێزن، تەنانەت کاتێک ئەم ڕەفتارانە لەلایەن دایک و باوک یان سەرپەرشتیارانەوە ئەنجام دەدرێن.
هەروەها بەپێی یاسای پاراستنی منداڵان و مێردمنداڵان (پەسەندکراوی ١٣٩٩)، منداڵانی بەرکەوتەی ئازار، کەمتەرخەمی، خراپ مامەڵەکردن یان بارودۆخی مەترسیدار، دەبێت لەژێر پاڵپشتیی خێرای ناوەندە دادوەری، پۆلیسی و خزمەتگوزارییەکاندا بن. ئەم یاسایە، دایک و باوک، سەرپەرشتیاران و کەسانی بەرپرس لە چاودێریی منداڵ بەرانبەر بە ڕەفتارە زیانبەخشەکان و بەجێهێنانی ئەرکەکانیان بە بەرپرس دەزانێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ بەرانبەر بە باری جەستەیی و دەروونیی ئەم دوو منداڵە، داوای پێڕاگەییشتنی خێرا، بێلایەنانە و کاریگەری دادوەری بۆ ئەم دۆسیەیە، سزادانی ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکە، ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی داد، دابینکردنی خزمەتگوزاریی دەرووندەرمانیی پسپۆڕانە، قەدەغەکردنی هەر چەشنە گەڕانەوەی منداڵان بۆ ئەو ژینگە نائارامە و چاودێریی بەردەوام بەسەر دۆخی پاڵپشتیی ئەوانەوە دەکات.
هانا جەخت دەکاتەوە کە منداڵان بەهۆی نەتوانینی بەرگری لە خۆیان، وابەستەبوونیان بە گەورەکان و ناسکییان بەرانبەر بە توندوتیژیی خێزانی، پێویستییان بە بەرزترین ئاستی پاراستنی یاسایی و دەزگایی هەیە. هەر جۆرە کەمتەرخەمی، دواکەوتن یان تێڕوانینی خێزانی و نەسزایی بۆ وەها دۆسیانەیەک، بە مانای دووبارە بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی دژی منداڵان و پێشێلکردنی ئاشکرای بەڵێنە یاسایییەکانی دەوڵەتە لە پاراستنی مافی ژیان، تەندروستی، ئاسایش و کەرامەتی مرۆییی ئەواندا.
