گواستنەوەی دووبارەی پەرھام پەروەری بۆ زیندانی زاھیدان، نیگەرانیی هانا لە بێخەبەریی بنەماڵەکەی و دۆخی ئەمنییەتیی ناوبراو

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، پەرھام پەروەری، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی سەقز و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی (ژن، ژیان، ئازادی)، جارێکی دیکە لە زیندانی ئێرانشارەوە بۆ زیندانی زاھیدان گوێزراوەتەوە. ئەم گواستنەوەیە بەبێ ئاگاداریی پێشوەختەی بنەماڵەکەی ئەنجام دراوە و لە کاتی گواستنەوەکەیەوە هەتا ئێستا، هیچ پێوەندی یان زانیارییەک لەسەر ڕەوشی ناوبراو نەدراوە بە بنەماڵەکەی.

پەرھام پەروەری کە لە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠١ـەوە لە زینداندایە، پێشتر لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە سزای ١٠ ساڵ حەبس لەگەڵ دوورخرانەوە و پێنج ساڵ حەبسی تەعزیریی بەسەردا سەپێنرابوو. ناوبراو لە بەفرانباری ١٤٠٢دا بەبێ ئاگاداریی بنەماڵە و پارێزەرەکەی لە ئەوینەوە بۆ ئێرانشار دوور خرایەوە. لە ڕەزبەری ١٤٠٣شدا لە ئەنجامی هێرشی ژمارەیەک لە بەندکراوانی تاوانە گشتییەکان تووشی برینداری و زیانی جەستەیی بوو، و پاش گواستنەوەی کاتی بۆ زاھیدان، دیسانەوە بۆ ئێرانشار گەڕێندرایەوە.

هانا بە سەرنجدان بە پێشینەی توندوتیژی دژ بە پەرھام پەروەری لە زینداندا و گواستنەوە یەک لەدوای یەکەکانی، نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە پچڕانی پێوەندیی ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەی دەردەبڕێت. بەرپرسیارێتیی پاراستنی گیان و سڵامەتیی ئەم بەندکراوە ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی بەرپرسانی زیندان و دەزگای قەزاییدایە، و پێویستە دەستبەجێ و بەبێ دواکەوتن دۆخی جەستەیی، بارودۆخی ڕاگرتن و دەرفەتی پێوەندیگرتنی لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکەی ڕوون بکرێتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین