ڕفاندنی زۆرەملێی ئەنوەر نیکی‌خا، باوکی یەکێک لە گیانبەختکردووانی هێرشەکەی سەر کۆمەڵە و چڕبوونەوەی گوشار بۆ سەر بنەماڵەکانی دیکە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە «ئەنوەر نیکی‌خا»، باوکی «سیاوان نیکی‌خا»، یەکێک لە گیانبەختکردووانی هێرشەکەی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی چوار ڕۆژ بەسەر ڕفاندنیدا، هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی دادوەری هیچ زانیارییەکیان دەربارەی هۆکار و بنەمای یاسایی دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن، باری جەستەیی و یاسایی یان چارەنووسی ناوبراو نەداوە بە بنەماڵەکەی. ئەنوەر نیکی‌خا هەروەها لە مافی پەیوەندی بە بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ بێبەش کراوە.
ڕفاندنی کەسێک لەلایەن هێزە حکوومییەکانەوە و خۆپاراستن لە ڕاگەیاندنی شوێنی ڕاگرتن یان چارەنووسی، دەکرێت وەک بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ هەژمار بکرێت. وەها دۆخێک، کەسی دەستبەسەرکراو بە کردەوە لەژێر پاراستنی یاسا دەردێنێت و مەترسیی ئەشکەنجە، ڕەفتاری خراپ، دانپێدانانی زۆرەملێ و پێشێلکردنی مافی ژیان زیاد دەکات. بەرپرسیارێتیی تەواوی پاراستنی تەندروستی و ئاسایشی ئەنوەر نیکی‌خا لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە.
هاوکات، ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە هانا نیشاندەری سەپاندنی گوشاری ئەمنی بۆ سەر بنەماڵەکانی ڕەزا سادقی، کەسرا ڕەحمان‌نەژاد و زەکەریا فەقێ حەسەن‌ئاوا، سێ ئەندامی دیکەی کۆمەڵە و گیانبەختکردووانی خەڵکی بۆکان. ئەم هەنگاوانە لە درێژەی گوشار بۆ سەر ئەو بنەماڵانەیە کە ئەندامانی خۆیان لە هێرشەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی کۆمەڵە لەدەست داوە و دەکرێت وەک «سزای بەکۆمەڵ» و تۆڵەسەندنەوە دژی کەسوکاری گیانبەختکردووان سەیر بکرێت.
لە کاتی هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، ١٠ پێشمەرگە گیانیان لەدەست دا. ڕەزا سادقی، کەسرا ڕەحمان‌نەژاد، سیاوان نیکی‌خا و زەکەریا فەقێ حەسەن‌ئاوا، چوار کەس لە گیانبەختکردووانی ئەم هێرشە، خەڵکی شاری بۆکان بوون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای ڕاگەیاندنی دەستبەجێ و فەرمیی شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ئەنوەر نیکی‌خا، دابینکردنی دەرفەتی پەیوەندی بە بنەماڵە و دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەری سەربەخۆ و کۆتاییهێنان بە هەر جۆرە هەڕەشە، گوشار یان تۆڵەسەندنەوەیەک دژی بنەماڵەی گیانبەختکردووان دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین