ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە ڕۆژی پێنجشەممە، ١ی گەلاوێژی ١٤٠٥، کولبەرێک بە ناوی سۆهەیل فردەوسی، تەمەن ١٨ ساڵ، خەڵکی ئاوایی «دزئاوەر»ی سەر بە قەزای نەوسود و دانیشتوویی، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە سنووری نۆدشە گیانی لە دەستداوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، ئەم ڕووداوە دوای نیوەڕۆ لە سنووری نۆدشە ڕوویداوە. هێزەکانی پاسەوانی سنوور بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەستەیەک لە کولبەرەکانیان کردووەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ.
لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا، سۆهەیل فردەوسی سکی فیشەکی بەرکەوتووە و دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە. پاش ئەم ڕووداوە، تەرمی ئەم کولبەرە لاوە بۆ پزیشکی دادوەری پاوە گوازراوەتەوە.
شایانی باسە، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، لانیکەم پێنج کوڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسود، سەوڵاوا، مەریوان و کۆتۆڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور گیانیان لەدەست داوە؛ ئەم ڕەوتە دەرخەری بەردەوامی بەکارهێنانی چەک بە شێوەی کوشندە دژ بە کولبەران لە ناوچە سنوورییەکانە.
