تێبینی: مەبەستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە “ناوچە کوردستانییەکان”، هەموو ئەو
ناوچانەیە کە لە ڕووی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافییەوە بەشێکن لە کوردستان،
ئەگەرچی لە دابەشکاریی فەرمی و کارگێڕیی ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە ناوی
پارێزگاکانی دیکەوە دەناسرێن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بە پشتبەستن بە داتا فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران،
بەردەوامیی هەژاری، بێکاری و گوشاری بژێوی لە ناوچە کوردستانییەکانی ئێراندا بە
دەرەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتە هەڵاواردنەکان، ئەمنییەسازیی درێژخایەن و
بێبەشکردنی بونیادیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەزانێت.
پێوەری نەهامەتی (شاخص فلاکت) لە پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان، لوڕستان، ئیلام و
ئازەربایجانی ڕۆژاوا گەیشتووەتە ئاستێک کە چیتر ناتوانرێت تەنیا وەک لێکەوتی
قەیرانی گشتیی ئابووریی ئێران سەیر بکرێت. ئەم بارودۆخە نیشاندەری دابەشکردنی
نادادپەروەرانەی سەرچاوەکان، سڕینەوەی ناوچە کوردستانییەکان لە بازنەی گەشەپێدان،
کەمتەرخەمیی سیستماتیک بەرانبەر بە مافی کار و بژێوی، و بەردەوامیی سیاسەتێکە کە
دانیشتووانی ئەم ناوچانە لە دۆخی هەژاری، نائەمنی ئابووری و مەترسیی هەمیشەییدا
دەهێڵێتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، پێوەری نەهامەتی لە پارێزگای کوردستان ٧٧.٢٪، لە کرماشان
٧٥٪، لە لوڕستان ٧٤.٤٪، لە ئیلام ٧١.٨٪ و لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا ٦٠.٣٪
ڕاگەیەندراوە. تێکڕای ئەم پێوەرە لەم ناوچانەدا نزیکەی ٧١.٧٤٪ـە. ئەم
ژمارانە تەنیا نیشانەی وەستانی ئابووری نین، بەڵکوو بەڵگەی ڕوونی شکستی ئەنقەست
یان لانیکەم کەمتەرخەمیی ئاشکرای حکوومەتن لە جێبەجێکردنی بەڵێنە مافی مرۆیییەکانی
خۆیدا.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی میساقی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و
کولتوورییەکان، ئەرکدارە کە بەبێ جیاکاری، زەمینەی سوودمەندبوونی
هاووڵاتییان لە مافی کار، ئاستی گونجاوی ژیان، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و
دەرفەتی یەکسانی گەشەپێدان فەراهەم بکات. بەڵام کارکردنی دەسەڵات لە ناوچە
کوردستانییەکاندا نیشانی دەدات کە حکوومەت نەک هەر لە بەدیهێنانی ئەم
بەڵێنانەدا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو بە چڕکردنەوەی سەرچاوەکان لە ناوچە
ناوەندییەکان، ئەمنییەکردنی ناوچە سنوورییەکان، لاوازیی ئەنقەست لە وەبەرهێنان و
نەبوونی سیاسەتە قەرەبووکەرەوەکان، هاوکاریی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی نادادیی
بونیادی کردووە.
لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، بێبەشکردنی ئابووری ئەو کاتە دەبێتە پێشێلکردنی مافە
بنەڕەتییەکان کە بەردەوام و پێشبینیکراو بێت و لە سیاسەتە گشتییەکانەوە
سەرچاوە بگرێت. دۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکان ڕێک ئەم تایبەتمەندییانەی
هەیە. بێکاریی بەرفراوان، نەبوونی ژێرخانی گەشەپێدان، سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن
بە پیشە بەردەوامەکان و پەرەسەندنی هەژاری، ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی بۆ دۆخێکی
هەمیشەیی لە نائەمنی ئابووری گۆڕیوە.
یەکێک لە ئاشکراترین لێکەوتەکانی ئەم سیاسەتانە، پەرەسەندنی کۆڵبەرییە لە ناوچە
سنوورییەکانی کوردستاندا. کۆڵبەری هەڵبژاردنێکی ئازادانەی پیشەیی نییە؛ بەڵکوو
دەرەنجامی هەژاریی سەپێندراو، نەبوونی دەرفەتی یاسایی بۆ کار و بێبەشکردنی
سیستماتیکە لە گەشەپێدان. ئەو هاووڵاتییانەی بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین
پێداویستییەکانی ژیان ناچار بە کۆڵبەری دەبن، لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی مەترسیی
تەقەی هێزە حکوومییەکان، مەرگ، برینداربوون، دەستبەسەرکران و سووکایەتیی مرۆیی
دەبنەوە.
کوژران و برینداربوونی بەردەوامی کۆڵبەران، بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی کۆماری
ئیسلامیی ئێران لە پێشێلکردنی مافی ژیان، مافی ئاسایشی کەسی و کەرامەتی
مرۆیی دەردەخات. حکوومەتێک کە لە دروستکردنی دەرفەتی بژێویی بێمەترسی خۆ
دەپارێزێت و پاشان بە ڕوانگەیەکی ئەمنی ڕووبەڕووی قوربانیانی هەژاری
دەبێتەوە، نەک هەر پارێزگاریی لە هاووڵاتییانی نەکردووە، بەڵکوو
خستوونیەتە بەر توندوتیژیی دەزگایی.
هانا جەخت دەکاتەوە کە بێبەشکردنی ناوچە کوردستانییەکان، تەنیا دەرەنجامی دواکەوتنی
گەشەپێدان نییە. ئەم دۆخە دەبێت لە چوارچێوەی هەڵاواردنی ناڕاستەوخۆ و بێبەشکردنی
بونیادیدا شی بکرێتەوە. تەنانەت ئەگەر جیاکاری لە زمانی یاسادا ڕانەگەیەنرابێت،
ئەو سیاسەتانەی کە بەردەوام شوێنەواری زیانبار و نادادپەروەرانەیان لەسەر ئەم
ناوچانە هەیە، لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە جێگەی پاساو نین.
بنەمای یەکسانی و قەدەغەکردنی جیاکاری، حکوومەت ئەرکدار دەکات کە بۆ نەهێشتنی نادادییە مێژوویی و بونیادییەکان، هەنگاوی دیاریکراو، خێرا و کاریگەر بگرێتە
بەر. بێدەنگبوون لە بەرانبەر هەژاریی بەرفراوان، بەردەوامیی بێکاری و نەبوونی
وەبەرهێنان لە ناوچە کوردستانییەکان، خۆی جۆرێکە لە پێشێلکردنی بەڵێنە مافی
مرۆیییەکان.
لێکەوتەکانی ئەم بارودۆخە تەنیا ئابووری نین؛ بەڵکوو هەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ سەر مافی
ژیانی شایستە، مافی کار، مافی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، مافی تەندروستیی دەروونی و
کۆمەڵایەتی، مافی گەشەپێدان و مافی کەرامەتی مرۆیی. کۆچی زۆرەملێی هێزی کار،
زیادبوونی ئاسەوارە کۆمەڵایەتییەکان، داڕمانی ئومێدی گشتی و وابەستەبوونی
هاووڵاتییان بە پیشە مەترسیدارەکان، بەشێکن لەو تێچووە مرۆیییانەی کە ئەم
سیاسەتانە دروستیان کردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسیاری بەردەوامیی ئەم
دۆخە دەزانێت و جەخت دەکاتەوە کە بێبەشکردنی بونیادی لە ناوچە کوردستانییەکان،
پێشێلکردنی ئاشکرای بەڵێنەکانی دەوڵەتە لە بواری مافە ئابووری و
کۆمەڵایەتییەکاندا. دەوڵەتی ئێران ئەرکدارە کە کۆتایی بە سیاسەتە
هەڵاواردنەکان و ئەمنیتەوەرەکان لەم ناوچانەدا بهێنێت، سەرچاوە گشتییەکان بە
یەکسانی دابەش بکات، دەرفەتی کاری بەردەوام دروست بکات، ڕێگری لە تەقەکردن و
توندوتیژی دژی کۆڵبەران بکات و بەرنامەیەکی خێرا، شەفاف و لەژێر چاودێریدا بۆ
قەرەبووکردنەوەی بێبەشکردنی مێژوویی ناوچە کوردستانییەکان پێشکەش بکات.
