بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوونێکی بەکۆمەڵ لەسەر نۆبەی سووتەمەنی لە یەکێک لە بەنزینخانەکانی شاری ڕوانسەر، سێ کەس بریندار بوون.
دەگوترێت ئەم شەڕ و پێکدادانە لە دۆخێکدا ڕووی داوە کە بەنزینخانەکانی ناوچەکە ڕووبەڕووی قەرەباڵغییەکی زۆر و ڕیزی درێژ بوونەتەوە.
هەروەها ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە گواستنەوەی بەشێک لە سووتەمەنیی شارەکانی ناوچەی هەورامان بۆ ناوچە و بازاڕچە سنوورییەکان و قاچاخکردنی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق بڵاو کراوەتەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی ئەم بابەتە بە شەڕەکەی شەوی ڕابردووەوە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و زانیاریی زیاترە.
